خه‌ندان-
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سوربونی خۆی لەسەر پڕۆژەکانی پێشتری لەبارەی پێکهاتەکانەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوپاتدەکاتەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبه‌كه دەڵێت، تاوتوێی پێشنیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکەن، پارتیش دەڵێت، "با یەکێتی واز لە پێکهاتەکان بهێنێت، پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن".
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پێشنیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ شێوازی دابەشكردنی کورسی پێکهاتەکان بە خەندان-ی راگەیاند، تاوتوێی پێشنیارەکە دەکەن و دواتر بڕیاری خۆیانی لەسەر دەدەن، تا بزانن کام پێشنیار لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگونجێت.
داوامانکردوە هەڵبژاردنی داهاتو بە فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت و پێکهاتەکانیش لە چوارچێوەیەدا بن
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی جەختی لەسەر ئەو پڕۆژەیە کردەوە کە لەماوەی رابردو لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکە لەبارەی هەڵبژاردنەوە پێشکەشیان کردوە و وتی، "لەو پڕۆژەیەدا داوامانکردوە هەڵبژاردنی داهاتو بە فرەبازنەیی بەڕێوەبچێت و پێکهاتەکانیش لە چوارچێوەی ئەو چوار بازنەی هەڵبژاردنەی کە دروست دەکرێت بەشداری بکەن".
چاوەڕان دەکرێت لە داهاتودا لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش کۆببینەوە
سەبارەت کۆبونەوەشیان لەگەڵ پارتی، زیاد جەبار رەتیکردەوە، وادەیەکی دیارکراو هەبێت بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ئەو حزبە، وتی، "چاوەڕان دەکرێت لە داهاتودا لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکەش کۆببینەوە، چونکە هەڵبژاردن رەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستی بە سازانی هەمو لایەنە سیاسیەکان هەیە و تەنها یەکێتی و پارتی ناتوان بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن".
یەکێتی و پارتی داوایان لە شاندی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد بە فەرمی رای خۆیان بدەنە هەردو حزبەکە
5ی ئەم مانگە، ده‌زگای هەڵبژاردنی پارتی و مه‌كته‌بی هەڵبژاردنی یەکێتی بە بەشداریی یونامی لەسەر پرسی کورسیی پێکهاتەکان و یاسای هەڵبژاردن کۆبونەوە، لەو کۆبوەوەیەدا یەکێتی و پارتی داوایان لە شاندی نەتەوەیەکگرتوەکان کرد بە فەرمی رای خۆیان لەسەر کورسیی پێکهاتەکان بدەنە هەردو حزبەکە.
نەتەوەیەکگرتوەکان بە فەرمی بۆچونی خۆی لەسەر پێکهاتەکان داوه‌ته یەکێتی و پارتی
دوێنێ خه‌ندان له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه
بڵاویكرده‌وه، نەتەوەیەکگرتوەکان بە فەرمی بۆچونی خۆی لەسەر پێکهاتەکان داوه‌ته یەکێتی و پارتی و داوایکردوە 11 کورسیەکەی پێکهاتەکان دو کورسییان بۆ سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بێت و 9 کورسیەکەی دیکەش بۆ سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک.
هەرچەندە یەکێتی بە فەرمی پشتراستی نەکردوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی خەندان یەکێتی داوا دەکات چوار کورسی پێکهاتەکان بدرێتە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە.
تاكه رای پارتی بۆ كورسی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه، كه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردن بده‌ن
سەبارەت بە بۆچونی پارتیش لەسەر پێشنیارەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان، زانا مەلا خالید سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی بە میدیاکانی لە نزیک حزبەکەی وتوە، تاكه رای پارتی بۆ كورسی پێكهاته‌كان ئه‌وه‌یه، كه خۆیان بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌شداریكردنیان له هه‌ڵبژاردن بده‌ن.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختشیکردوە، ناكۆكی له‌باره‌ی پێكهاته‌كانه‌وه كۆتایی پێدێت، "كاتێك یه‌كێتی واز له پێكهاته‌كان بهێنێت"، پارتی داوا ده‌كات پێكهاته‌كان خۆیان بڕیار له چاره‌نوسی خۆیان بده‌ن.
بەهۆی ناکۆکیەکانی یەكێتی و پارتییەوە ساڵی رابردو نەتوانرا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت
هه‌رچه‌نده ساڵی رابردو نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رۆژی 1ی 10ی 2022ی بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردن دیاریكرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکیەکانی یەكێتی و پارتییەوە نەتوانرا لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆ دەربازبون لە کەوتنە بۆشایی یاساییشەوە ماوەی ساڵێک تەمەنی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە، لەو ماوەیەدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان نەیان شاردەوە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت ئەزمونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
26ی مانگی رابردوش نێچیرڤان بارزانی 18ی 11ی ئه‌مساڵی وه‌ك واده‌ی به‌ڕێوه‌چونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریكرد، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه تائێستا لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن.