هاوسه‌رۆكی كه‌نه‌كه‌ بۆ خه‌ندان: رێگری پارتی له‌ ئه‌ندامانمان شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین

02:14 - 09/04/2023

14204جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) له‌باره‌ی رێگریكردنیان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی، رایگه‌یاند، رێگریكردن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی كه‌نه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی كار و "هه‌ڵوێستی پارتییه‌ و شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ین".

ئه‌حمه‌د كارامۆس، هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "رێگریكردن له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ له‌ ئه‌ندامانی كه‌نه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی كار دژی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی هه‌ڵوێستی پارتییه‌، له‌كاتێكدا له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی هه‌ڵوێستی توند له‌وباره‌یه‌وه‌ پیشاندراوه‌ و سه‌ركۆنه‌ كراوه‌، ئێمه‌ هیوامان نه‌ده‌خواست پارتی ئاسته‌نگی بۆ هاوڕێیانمان له‌ هه‌ولێر دروستبكات و چه‌ندین ئه‌نداممان ده‌ستبه‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ دژی پڕه‌نسیپه‌كانی ئازادی، ماف و ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌وانییه‌".

 ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مڕۆی پارتی به‌توندی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مڕۆی پارتی "به‌توندی شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و هیوادارین جارێكی دیكه‌ روداوێكی له‌وجۆره‌ رونه‌دات و دوباره‌ نه‌بێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌ترسیداره‌ و پێشتریش كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ته‌ ئامانج ئێمه‌ وه‌كو كه‌نه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراومان هه‌بو شه‌رمه‌زارمان كرد، جیاوازی سلێمانی و هه‌ولێر چیه‌؟ ئه‌و هێرشانه‌ی داگیركه‌ران له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌ و پێویسته‌ هه‌موان روبه‌ڕوی ببینه‌وه‌".
تێناگه‌ین بۆچی هێزی پارتی رێگری له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ده‌كات، پارتی له‌ چی ده‌ترسێت؟
هاوسه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان ده‌شڵێت، "تێناگه‌ین بۆچی هێزی پارتی رێگری له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ده‌كات، پارتی له‌ چی ده‌ترسێت؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌یه‌وێت سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ بكات بۆچی له‌ دژی به‌یاننامه‌كه‌ی كه‌نه‌كه‌دا ده‌وه‌ستێته‌وه‌؟ ئه‌وان باش ده‌زانن هێرشه‌كه‌ جددیه‌ و پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق و باشوری كوردستان و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ راستیدا پێویسته‌ له‌ دژی بوه‌ستینه‌وه‌، هێرشه‌كه‌ دژی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستانه‌".
ئێوارەی 7ی ئه‌م مانگه‌، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی
ئێوارەی 7ی ئه‌م مانگه‌، له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی، كه‌ ئامانجی هێرشه‌كه‌ مه‌زڵوم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ى گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) بو، به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانده‌ باڵایه‌ی رۆژئاڤای كوردستان رزگاریبو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشته‌وه‌ رۆژئاڤا، روداوەکەش لە ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەی لێکەوتەوە.
 بڕیاربو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان  كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئەنجامبدات بەڵام رێگری لێکرا
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ خه‌ندان بڵاویكرده‌وه‌، بڕیاربو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئه‌نجامبده‌ن و سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ رێگریان لێكراوه‌، تائێستا ئاسایشی هه‌ولێر هۆكاری رێگریكردنه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردوه‌.

پاشنیوه‌ڕۆ دوێنێش شاندێكی باڵای حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بڕیاری محمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق پێكهێنراوه‌، بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕكه‌خانه‌ گه‌یشته‌ سلێمانی كه‌ پێكهاتون له‌ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عیراق و ئەندامێتی هەریەک لە حەمید ئەلشەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی، عەبدولوەهاب ئەلساعدی، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، فەریق قیس ئەلمحێمەداوی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.

نیشانەکردن

پارتی سلێمانی هەولێر