خهندان-
جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا پرۆژە یاسایەکی نوێ و گرنگی سەبارەت بە پاراستن و مانەوەی زمانی ئیتاڵی خستەڕو، ئەوەش بە دانانی سزای پارە بە بڕی 100 هەزار یۆرۆ(108 هەزار و 750) دۆلار، بۆ هەر دامودەزگایەکی گشتی و تایبەت کە لە لێدوانە فەرمییەکاندا لە بری زمانی ئیتاڵی، زمانی ئینگلیزی بەکاربهێنن.
لە پرۆژەیاساکەدا، جۆرجیا میلۆنی، جەخت لە سەر پاراستنی زمانی ئیتاڵی دەکاتەوە و پاشانیش داوای هاندانی زیاتر داکات بۆ قسەکردن بە زمانی ئیتاڵی، لەبەرئەوەی بابەتی زمان بابەتێکی مۆد نیە تاوەکو بێت و بڕوات و بەسەربچێت، بەڵکو فێربون و ڕاهاتن لە سەر زمانی بێگانە بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری نەرێنی لەسەر گشت سێکتەر و جومگەکانی وڵاتدا دادەنێت.
پرۆژەیاسایەکە لەلایەن حزبەکەی جۆرجیا میلۆنی پێشکەشی پەرلەمانی ئیتاڵیا کراوە
پرۆژەیاسایەکە لەلایەن حزبەکەی جۆرجیا میلۆنی پێشکەشی پەرلەمانی ئیتاڵیا کراوە تاوەکو پاش کۆدەنگی لەسەری، وەک یاسایەک بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێشتاکە کارەکە بە ئەنجام نەگەیەنراوە.
بڵاوبونەوەی زمانی ئینگلیزی بەوشێوە فراوانە لە نرخ و کێشی زمانی ئیتاڵیا کەمدەکاتەوە
لە بەشێکی دیکەی دەقی پرۆژە یاساکەدا هاتوە، بڵاوبونەوەی زمانی ئینگلیزی بەوشێوە فراوانە لە نرخ و کێشی زمانی ئیتاڵیا کەمدەکاتەوە، هەربۆیە داوا لە سەرجەم دەزگا فەرمی گشتی و تایبەتەکان دەکات، زمانەکەی شاعیری ناسراوی ئیتاڵی دانتی بەکاربهێنن.
پێویستە زۆرێک لە ناونیشانی کورتکراوەی سەر ناوی کۆمپانیاکان بکرێنەوە زمانی ئیتاڵی
لە بەشێکی دیکەی دەقی هەمان پرۆژە یاسادا هاتوە، "پێویستە زۆرێک لە ناونیشانی کورتکراوەی سەر ناوی کۆمپانیاکان بکرێنەوە زمانی ئیتاڵی، تەنها هەندێک وشە نەبێت کە لە زمانی ئیتاڵیدا ماناکەی نەبێت، ئەوکات زمانی ئینگلیزی بکەنە جێگرەوەکەی".
ئەگەر لە حاڵێکدا ڕەشنوسی ئەم پرۆژە یاسایە بکرێتە یاسا و لەلایەن پەرلەمانی ئیتاڵییەوە پەسەندبکرێت، ئەوکات حکومەت ئیتاڵی ناچار دەبێت بە زویی ڕیکارە یاساییەکان بگرێتەبەر.
هاتنە ئارای باسوخواسی ئەم پڕۆژە یاسایە لە کاتێکدایە، پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حکومەت هەنگاوی نوێی گرتوەتەبەر لە پێناو پاراستنی بەشێکی گرنگ لە کولتوری ئیتاڵیا، هەروەها لەگەڵ قەدەغەکردنی هاوەردەکردنی بڕە خۆراکی بەرهەمهێنراو لە کارگەکانی دەرەوە.