ئاسایشی هەولێر رونکردنەوەی لەبارەی ئەنجامدانی تاوانێک بڵاوکردەوە

11:48 - 28/03/2023

9286جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی سێشەممە لەیەکێک لەگەڕەکانی هەولێر بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە کەسێک کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربو.
 
عەقید سەباح خدر بەرپرسی راگەیاندنی ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێوارەی رۆژی سێشەممە، لە گەڕەکی هەولێری نوێی شاری هەولێر، لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، لە نێوان دو ئامۆزا، یەکێکیان بە ناوی (بارق ئەنوەر مەجید) کوژرا و کەسێکی تریش بریندارکرا.

توانرا دوای یەک کاتژمێر لە روداوەکە، بکوژ دەستگیربکرێت

وتیشی، "دوای لێکۆڵینەوە و دەستبەکاربونی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لەسەر فەرمانی دادوەر، توانرا دوای یەک کاتژمێر لە روداوەکە، بکوژ بە ناوی (رەوا رەفعەت مەجید) دەستگیر بکرێت".

بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی، بکوژ بەندکراوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی، بکوژ بەندکراوە و ڕێکاری پێویست و یاسایی دەگیرێتەبەر بۆ تەواوکردنی پەڕاوی ئەم تاوانە.

 

پێشتر خەندان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی هەولێرەوە بڵاویکردەوە، دو برا لەلایەن ئامۆزایەكیانەوە دەستڕێژی گوللـەیان لێكراوە و بەوهۆیەوە یەكێكیان گیانی لەدەستداوە و یەكێكیشیان برینداربوە، پاش روداوەکەش، تۆمەتباری سەرەکی بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوە، تەرمی قوربانیەکە لە پزیشکی دادوەریە و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کراوە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

نیشانەکردن

هەولێر