خهندان-
شارەزایەکی بواری کەشناسی رایگەیاند، رۆژی هەینی ئەگەری بەفربارین هەیە و ناوچە شاخاوییەکان سپی پۆش دەکات و بارستە هەوایەکی ساردیش ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە.
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لەڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاندوە، "رێژەی چاوەروانکراوی بەفربارین لەهاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەریدا، لەبەرئەوەی بەسەر دەریای رەشدا تێپەردەبێت تا دەگاتە ئێمە برێکی کەم لەدابارینی دەمێنێت".
لەتورکیا بەفرێکی باش دەبارێت، سبەی شەویش دۆخێکی ناجێگیری کەشوهەوا بەشێوەیەکی کاتی لەسەر بەشێک سنوری شاخەکانی دهۆک دروستدەکات
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەتورکیا بەفرێکی باش دەبارێت، سبەی شەویش دۆخێکی ناجێگیری کەشوهەوا بەشێوەیەکی کاتی لەسەر بەشێک سنوری شاخەکانی دهۆک دروستدەکات، بەشێوەی شەستە باران و بروسکە، بۆ رۆژی هەینی سەنتەری سەرەکی ئەو شەپۆلە دەگاتە ناوچەکانی سلێمانی و بەفر ناوچە شاخاویەکان سپی پۆش دەکاتەوە لەوانەیە کەمێک پروشە بەفریش لە کۆتایی حاڵەتەکە و دوای ئێوارەی هەینی بۆ بەرەبەیانی رۆژی شەممە سەنتەری شاری سلێمانی بگرێتەوە".
لە 30 و 31ی (ئازار/3)ی ساڵی 2014دا هەمان ئەم حاڵەتی بەفربارینە هەبوە
ئاراس جەبار لەبارەی ئەو شەپۆلی بەفر و بارانبارینەوە دەڵێت، "دواین کات، لە 30 و 31ی (ئازار/3)ی ساڵی 2014دا هەمان ئەم حاڵەتی بەفربارینە هەبوە".
کەشێکی ساردی زستانی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە پێشبینیدەکەین لەکۆتایی ئەم هەفتەو سەرەتای هەفتەی داهاتو
پێشتریش شاڵاو هیدایەت شارەزای بواری کەشناسی بە خەندان-ی راگەیاندبو، "کەشێکی ساردی زستانی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە پێشبینیدەکەین لەکۆتایی ئەم هەفتەو سەرەتای هەفتەی داهاتو بەدیاریکراوی ڕۆژانی 31ی ئەم مانگە و 3 و 1ی مانگی (نیسان/4)ی 2023 بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری باکور دابەزێتە سەر تورکیا و دەریای ڕەش و خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و بیلاد شام و باکوری سعودیەو ناوچەکانی هەرێم و بەشێکی زۆری عێراق و باکوری سعودیە".
کاریگەری بەتەواوی بۆ ناوچەکەو هەرێم دەبێت و پلەکانی گەرما بەڕێژەی 5 تا 8 نزمدەبنەوە
ئەوەشیخستۆتەڕو، "کاریگەری بەتەواوی بۆ ناوچەکەو هەرێم دەبێت و پلەکانی گەرما بەڕێژەی 5 تا 8 نزمدەبنەوە و لەناوچە شاخاویەکانی هەرێم، بەتایبەتیش لە باکورو ناوچەکانی رۆژهەڵات ئەگەری بەفربارین دەبێت بەبڕی جیاواز لەگەڵبارینی نمە باران لەهەندێک شوێن، لەمەودایەدا کەشێکی ساردی زستانی بۆ تەواوی ناوچەکان دڕەخسێت لەم مەودایەدا ئەگەری شەختەو بەستنی لاواز هەیە تایبەت بۆ ناوچە شاخاویەکان".