خهندان-
هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان دوێنێ دوشەممە لەلایەن پەرلەمانەوە دوای مشتومڕێکی زۆر پەسەند کرا، بەگوێرەی یاساکە پەرلەمان 329 ئەندامی دەبێت کە نۆ ئەندامیان کۆتا دەبن، بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانیش 200 هەزار دەنگدەر بەرامبەر بە یەک کورسی دیاریکراوە.
بەگوێرەی یاساکە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 329 ئەندامی دەبێت،، مەسیحیەکان پێنج کۆتا، لە بەغدا، نەینەوا، کەرکوک ودهۆک و هەولێر، یەک کورسی ئێزیدیەکان لە نەینەوا، سابیئەی مەندائی یەک کورسی لە بەغدا، پێکهاتەی شەبەک یەک کورسی لە نەینەوا، کوردی فەیلی یەک کورسی لە واست دەبێت.
رێژەی ژنان دەبێت 25%ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان و ئەنجومەنی نوێنەران بێت
هەر لە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە سەر ئەنجومەنی وەزیران پێویستە بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاریبکات بەجۆرێک لە 20ی (کانونی یەکە/12)ی 2023 تێپەڕ نەکات، رێژەی ژنان دەبێت 25%ی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان و ئەنجومەنی نوێنەران بێت.
لە کەرکوک ئەو کەسانە دەتوانن دەنگ بدەن کە سەرژمێری 1957 دەیانگرێتەوە
لەبارەی هەڵبژاردنی کەرکوکەوە، لەیاساکەدا هاتوە، ئەو کەسانە دەتوانن دەنگ بدەن کە سەرژمێری 1957 دەیانگرێتەوە، جگە لە هاوڵاتیانی ناحیەی زاب، ئەو کەسانەشی سودمەندبون لە قەرەبوکردنەوەی ماددەی 140 ناتوانن بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لەو شارە بکەن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایەش، ناتوانێت دۆخی یاسایی و ئیداری پارێزگاکە لە داهاتودا بگۆڕێت.
لە کەرکوک 15 کورسی بۆ ئەنجومەنەکە دیاریکراوە
بەگوێرەی یاساکە، کۆی گشتی ئەندامانی ئەنجومەنی 15 پارێزگای عێراق، 287 ئەندام دەبێت، لە کەرکوکیش 15 کورسی بۆ ئەنجومەنەکە دیاریکراوە کە سێ کەسیان ئەندامی کۆتای کلدان، سریان و ئاشوریەکان دەبن.
دەقی یاساكە لێرە بخوێنەوە کلیک لێرە بکە
