خهندان-
بنەماڵەی شێخ جەنگی تاڵەبانی لەپەیامێکدا سوپاسی سەرجەم ئەو بەرپرس و لایەن و کەسانەی کرد کە بەشداریان لە پرسەی فاتیمە قادر عومەری هاوسەری شێخ جەنگی تاڵەبانی کرد و رایگەیاند، "پەرۆشی و وەفاداری ئێوە سورترمان دەکات کە زیاتر خزمەتکاری خەڵک و نیشتمانەکەمان بین".
دەقی پەیامەکە:
بە ناوی پەروەردگاری بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆککۆماری پێشوی عێراق، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک و سکرتێر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و عێراقییەکان، دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی، سەرۆک و هەڤاڵانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەندامانی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی و پارێزگاری هەڵەبجە، بەرپرسانی باڵا لە دەزگا هەواڵگرییەکان و کونسوڵخانە و دیبلۆماتەکان لە هەرێمی کوردستان، سەرجەم لێپرسراوانی حکومی و حیزبی و سەربازیی و کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەران و پێشمەرگە و فەرماندە و هێزە ئەمنییەکان، مامۆستایانی ئاینی، بازرگان و کاسبکاران، سەرۆک هۆز و عەشیرەت و هاوڵاتییانی دڵسۆز لە هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، ڕۆژنامەنوسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، هەمو خزم و هاوڕێ و دۆست و خۆشەویستان و ئازیزانمان لە هەمو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە بەشدار بون لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەی دایکی خۆشەویستمان خاتو (فاتیمە قادر عومەر).
بەناوی خۆمان و بنەماڵەکەمانەوە، سوپاس و ستایش و پێزانینی خۆمانتان پێشکەش دەکەین و دەستی ماندوبون و دڵسۆزیتان دەگوشین، بەشدارییکردن و ئامادەبون و دەربڕینی هاوخەمیی ئێوەی خۆشەویست و بەڕێز، کۆست و ماتەمینی لەسەر کەم کردینەوە و خەمەکانی ڕەواندینەوە، لە پەروەردگاری مەزن داواکارین پارێزراو و سەرفرازبن و هەرگیز ناخۆشی و ماتەم نەیەتە ڕێگەتان، هەرێم و وڵاتەکەشمان دوربێت لە هەمو بەڵا و ناخۆشییەک، پەرۆشی و وەفاداری ئێوە سورترمان دەکات کە زیاتر خزمەتکاری خەڵک و نیشتمانەکەمان بین.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتو بن
بنەماڵەی شێخ جەنگی تاڵەبانی