پارێزگاری دهۆك داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌كات

01:35 - 28/03/2023

2768جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پارێزگاری دهۆك داوا له‌ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ده‌كات، ئاکرێ بکرێتە پایتەختی نەورۆز.

عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆك ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كرد كه‌ ئاکرێ بکرێتە پایتەختی نەورۆز.

شارى ئاکری هەمو ساڵێک بە گوڕەوە جەژنی نەورۆز دەگێڕێت
شارى ئاکرێ هەمو ساڵێک بە گوڕەوە جەژنی نەورۆز دەگێڕێت، ئامادەکارییەکانی جەژنی نەورۆز بۆ ئەمساڵیش بەردەوامیی هه‌بو، لەمساڵدا جیاواز لە ساڵانی ڕابردو تاڤگەیەكی ئاگرین لە شارى ئاکرێ نمایشكرا.
ئاکرێ لەنێوان سێ چیادایە، خانوەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچون
ئاکرێ سەر بە پارێزگای دھۆکە، 95 کیلۆمه‌تر دورە لە شاری موسڵەوە و دەکەوێتە 120 کیلۆمه‌تر له‌ باشوری ڕۆژھەڵاتی پارێزگای دھۆکەوە، لەنێوان سێ چیادایە، خانوەکانی لەسەر یەک بەداوێنی شاخەکاندا ھەڵچون، ئەمە دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بە شارەکە بەخشیوە.

ئاکرێ لەساڵی 1877ز بوە بە ناوەندی قەزا، ئەم شارۆچکەیە سەر بە پارێزگای نەینەوا بو تاوەکو ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی 1991، پاشان بە فەرمی بوە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای دھۆک و ھەرێمی کوردستان.
ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی بادینان و پاشان میرنشینی سۆراندا بوە
ئەو شارە مەڵبەندی کوردە حەمیدییەکان بوە، ماوەیەکیش لەژێر دەسەڵاتی میرنشینی بادینان و پاشان میرنشینی سۆراندا بوە، شارێکی کۆن و مێژوییە و دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆرێتیی مادەکان - میدیا.

شاری ئاکرێ زۆر دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و بەروبومی خوراکی وەکو دەخل و دان و جو و برنج و ھەندێکی تر و ئاکرێ ناسراوە بە نێرگز و ھەنار، دانیشتوانی ئاکرێ پێکدێن لە چەندین عەشیرەت (ھۆز) ئەوانەش (گۆران - کاوانی - زێباری - سورچی - ھەرکی - ئاکرەیی - ڕێکانی- مزوری … ھتد).