خهندان-
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان رایگهیاند، ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی رابردو ژمارهی گەشتیاریان زیادیکردوە، دەشڵێت، لە ماوەی دو هەفتەدا زیاتر لە 24 هەزار گەشتیار سەردانی گەرمیانیان کردوە.
هێرش فەیزوڵا، بەڕێوەبەری گەشتیاری گەرمیان بە خەندان-ی راگەیاند، لە بەرواری 11ی ئازاری 2023، تا 24ی ئاداری 2023 کە دەکاتە رۆژانی نەورۆز، ژمارهی گەشتیاران لەچاو ساڵی رابردو زیاتر بوە، لە سنوری ئێرانەوە دو هەزار و 564 گەشتیار لە دەروازەی پەروێزخانەوە هاتونهته ناو سنوری گەرمیان.
نزیکەی21 هەزار و 636 گەشتیار لە عێراقەوە لە دەروازەی کفری و ساڵح ئاغاوە هاتونەتە سنوری ئیدارەی گەرمیان
ئاماژە بەوەشکرد، نزیکەی21 هەزار و 636 گەشتیار لە عێراقەوە لە دەروازەی کفری و ساڵح ئاغاوە هاتونەتە سنوری ئیدارەی گەرمیان، کە کۆی گشتی دەکاتە 24 هەزار و 200 گەشتیار.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری گەرمیان لەبارەی شوێنی مانەوەی گەشتیارانەوە رونیکردەوە، 488 کەس لە هۆتێل و مۆتێلەکانی گەرمیان ماونەتەوە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی گەشتیاران بەهۆی هاوسەرگیری و خزمایەتیەوە لە ماڵەکانی گەرمیان دەمێننەوە، لە هۆتێل نامێنێتەوە
تا ئێستا کێشەی شوێن دروست نەبوە لە گەرمیان
هاوکات لەبارەی بونی کێشە لە کەمی شوێنی مانەوە ئهو بهرپرسهی گهشتوگوزار جەختیکردەوە، تا ئێستا کێشەی شوێن دروست نەبوە لە گەرمیان.
هێرش فەیزوڵا، لەبارەی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی ساڵانە سەردانی گەرمیان دەکەن ئاماژەی بەوەکرد، ساڵی رابردو 406 هەزار و 623 گەشتیار هاتونەتە ناو سنوری گەرمیان، زۆربەی گەشتیاران خەڵکی خواروی عێراقن.
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردو ژمارهی گەشتیاران زیادیکردوە
هاوکات بەراورد بە ساڵی رابردو، لە مانگی یەکی 2023، 36 هەزار و 736 کەس لە ناوچەکانی ئێران و خواروی عێراقەوە لە رێگەی دەروازەکانی گەرمیانەوە هاتونەتە سنوری گەرمیان، لەمانگی دوی ئەمساڵدا 33 هەزار و 505 کەس هاتونەتە سنورەکە، کۆی گشتی دەکاتە 70 هەزار و 241 گەشتیار، کە بەمەبەستی گەشتی جۆراوجۆر رویان گەرمیان کردوە.