خهندان-
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، كۆبونەوەكەی ئەمشەوی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دواخراوە و لەئێستاشدا سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لەكۆبونەوەدایە.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، "دانیشتنی ئەمشەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر دەنگدان لەسەر هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەهۆی تەواو نەبوونی نیسابەوە بەشێوەیەكی كاتی دواخراوە".
ناكۆكی توند لەبارەی هەمواری یاساكەوە هەیە
وتیشی، "ناكۆكی توند لەبارەی هەمواری یاساكەوە هەیە، كە گرنگترینیان بازنەی هەڵبژاردن و سیستەمی سانت لیگۆ و هەڵبژاردن لە كەركوك و دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەوە هەیە".
بەشێك لە سەركردەی هێزە سیاسیەكان لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانن
ئاماژەی بەوەشكرد، "بەشێك لە سەركردەی هێزە سیاسیەكان لە بینای ئەنجومەنی نوێنەرانن و لەگەڵ سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە گفتوگۆ و دانوستانن بۆ چارەسەری كێشەكان و تێپەڕاندنی یاساكە".
ئەوەشیخستەڕو، "لەئێستادا سەرۆك و جێگرانی سەرۆكی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری لایەنە سیاسییەكان لەكۆبونەوەی بەردەوامدان و تا ئێستا لایەنەكان نەگەیشتونەتە رێكەوتنی كۆتایی، هەركاتێكیش لەو كۆبونەوەیەدا رێكەوتن بكرێت كۆبونەوەكەی پەرلەمان دەستپێدەكاتەوە".