خهندان-
بەسام سەباغ نوێنەر و باڵوێزی وڵاتی سوریا، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتوکاندا، لەبارەی کێشەی کەمبونەوەی ئاو لە وڵاتەکەی رایگەیاند، جەنگ و کاولکارییەکان لە سوریادا زیانێکی گەورەیان بە کەرتی ئاو گەیاندوە، بەجۆرێک بە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
بەسام سەباغ لە وتارێکدا لەکۆنگرەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، "یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کە زیانی گەورەی بە کەرتی ئاو گەیاندوە، هێرشی زۆرێک لە هێزە چەکدارە توندڕەوەکانە بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاو، ئەو هێرشانەش وەک چەکێکی کاریگەر دژ بە هاوڵاتیانی سوریا بەکاریدەهێنن، هەربۆیە ئەگەر سەرجەم سەرچاوە ئاوییەکان لە سوریادا بەمجۆرە بکەونە بەر هێرش و کاولکارییەکان، ئەوکات ئەو هەڕەشانە دەبنە گەورترین مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سوریا کە ڕەنگە دواتر کارەساتی مرۆی گەورەتری لێبکەوێتەوە".
لە ماوەی ڕابردودا بە ڕێژەی 41٪ زیان بە کەرتی ئاو کەوتوە
وتیشی، "لە ماوەی ڕابردودا بە ڕێژەی 41٪ زیان بە کەرتی ئاو کەوتوە، کە بڕی زیانەکەش دەکاتە 780 ملیۆن دۆلار، کە سەرچاوەکانی ئاو و ئامێرەکانی گواستنەوەی ئاو و کۆگاکان لە خۆ دەگرێت، دواتر ئەمە جگە لەوەی بە ڕێژەی 60٪ زیان بەر لایەنی تەندروستی خەڵک کەوتوە، کە بڕی زیانەکەیش بە 470 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەوەش بە ڕێژەی 75٪ زیانی بە خەڵک و دانیشتوان گەیاندوە".
زیان بە چەندین کۆگای دیکەی کۆکردنەوەی ئاو گەیشتوە کە پێویستیەکی زۆریان بە نۆژەنکردنەوە هەیە
نوێنەری سوریا ئاشکراشیکردوە، "زیانەکانی بومەلەرزەکەی 6ی مانگی رابردو لە سوریا کە بونە هۆی زیانگەیاندن بە بەشێکی گەورەی ژێرخانی ئابوری سوریا، بەشێکیشی وابەستە بو بە کەرتی ئاوەوە، کە بەهۆیەوە بە رێژەی 80٪ ئاوی تانکییەکان لە دەستچون کە لە شەش پارێزگادا هۆکاری دابینکردنی ئاو بون بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتی، ئەمەش جگە لە زیانگەیاندن بە چەندین کۆگای دیکەی کۆکردنەوەی ئاو کە پێویستیەکی زۆریان بە نۆژەنکردنەوە هەیە".
حکومەتی سوریا لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ روبەڕوبونەوەی هەمو جۆرە ئاڵنگارییەک
بەسام سەباغ باسی لەوەشکردوە، "حکومەتی سوریا لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ روبەڕوبونەوەی هەمو جۆرە ئاڵنگارییەک و ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی هەمو ئەگەرێکی خراپتر و هەندێک لە ڕێگرییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا ببێتەوە کە بە سزادان و سەپاندنێکی ناحەقیانە و توندوتژانە لە بەرانبەر سوریادا وەستاونەتەوە.
نوێنەری سوریا لە نەتەوەیەکگرتوەکان داوای دەستبەجێ هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی و کارئاسانی بۆ ناردنی کۆمەک و هاوکاری سوریا لەلایەن وڵاتانی دیکەوە کرد.