هەسەدە راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی هێرشه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و "هه‌ڕه‌شه‌" ده‌كات

11:00 - 24/03/2023

9764جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگه‌یاند، له‌ رێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌ سەر بنکەی هاوبەشی هێزەکانیان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سه‌ربازێكی ئه‌مریكا كوژراوه‌ و پێنج سه‌ربازی دیكه‌ش برینداربون، هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت، "شه‌ڕی هاوبەشمان دژی داعش تاوه‌كو له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی داعش بەردەوام دەبێت".

فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "بنکەی هاوبەشی هێزەکانمان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشیکرایە سەر، لە ئەنجامدا سەربازێکی ئەمریکی گیانی لەدەستدا و پێنج سەربازی هێزەکانی هاوپەیمانان برینداربون".

 شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێره‌زور بە دەیان موشەک کرایە ئامانج
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێره‌زور بە دەیان موشەک کرایە ئامانج، سەرچاوەی تۆپبارانەکە ئەو ناوچانەن کە لە لای ڕۆژئاوای ڕوباری فورات لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقدان، 2 تۆپ بەر ماڵی کەسێکی سڤیل کەوت و لە ئەنجامدا ژنێک و کچەکەی برینداربون.
 پێویستە خەڵکی مەدەنی لە هێرشەکان ڕزگاریان بێت، نابێت شەڕی داعش بوەستێنرێت
فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌ڵێت، "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی ئەو ئەفسەرە دەکەین کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها بۆ هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، لە هەمان کاتدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشی هەڕەمەکی بە ئەنقەست بۆ سەر خاکەکانمان دەکەین، بەتایبەت هێرشکردنە سەر ناوچە مەدەنییەکان، ئێمە دەڵێین کە پێویستە خەڵکی مەدەنی لە هێرشەکان ڕزگاریان بێت، نابێت شەڕی داعش بوەستێنرێت".
هێزەکانمان شەڕێکی گەورەیان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو، "هێزەکانمان شەڕێکی گەورەیان لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد و سەرکەوتنێکیان لە باهۆز لە دژی داعش بەدەستهێنا، شەڕی هاوبەشمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی و بیرۆکە توندڕەوەکانی بەردەوام دەبێت".
"ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان چڕتر دەبنەوە تا شانەکانی ڕێکخراوی داعش لەناودەچن 
په‌یوه‌ست به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان، هه‌سه‌ده‌ ده‌ڵێت، "ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان چڕتر دەبنەوە تا شانەکانی ڕێکخراوی داعش لەناودەچن و کۆتایی بە هەڕەشەکانیان لە ناوچەکە دەهێنن، بەمەش سەقامگیری و ئاسایش و پاراستنی دانیشتوان گەرەنتی دەکرێت".

نیشانەکردن

رۆژئاڤای کوردستان