پنتاگۆن وردەکاریی هێرشه‌كه‌ی له‌ سوریا به‌ 20 موشەک ئاشكرا ده‌كات

09:22 - 24/03/2023

4660جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) ئەمڕۆ هەینی وردەکاریی ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئاشکرا کرد، کە ئێواره‌ی دوێنێ له‌ سوریا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئەنجامدراوە، کە گروپه‌كانی سەر بە ئێرانی کردوه‌تە ئامانج.

وردەکارییەکانی هێرشه‌كه‌
لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بۆ رۆژنامەنوسان، بەرپرسێکی پنتاگۆن رایگەیاند، کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی لە بنکەی "ئاسمانی ئه‌لعه‌دید" لە قەتەر هەڵفڕین و بە ڕێنمایی لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا بەرەو سوریا بەڕێکەوتن.
فڕۆكه‌كان نزیکەی 20 موشەکی GBU-12 یان لە دورەوە ئاڕاستە کردوە
فڕۆكه‌كان نزیکەی 20 موشەکی GBU-12 یان لە دورەوە ئاڕاستەی بنكه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران كردوه‌.
گروپەکانی سەر ئێران پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکایان بە "هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردە ئامانج
هێرشه‌كه‌ی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ گروپەکانی سەر ئێران پێگەکانی هێزەکانی ئەمریکایان بە "هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە جۆری "قاصف-1" بوه‌ بۆردومان کرد.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئەمریکا هەشت چەکداری هاوپەیمانی ئێران لە سوریا کوژراون.

ئەمریکا بەڵێن دەدات هێزەکانی لە سوریا بپارێزێت
ئەمریکا ئه‌مڕۆ هەینی رایگەیاند، هێزەکانی خۆی لە سوریا دەپارێزێت، دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانی سەر بە ئێران دەستپێکرد، وەک تۆڵەی هێرشێک کە بوە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی ئەمریکی و برینداربونی پێنج سەربازی ئەمریکی.
بە باشترین شێوە کاردەکەین بۆ پاراستنی کارمەندان و دامەزراوەکانمان
جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە سی ئێن ئێن-ی ڕاگەیاند، "بە باشترین شێوە کاردەکەین بۆ پاراستنی کارمەندان و دامەزراوەکانمان".
هێرشێکی موشەکی نوێ بنکەیەکی ئەمریکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردوه‌تە ئامانج
تەنها یەک ڕۆژ دوای هێرشە خوێناوییەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کە واشنتن ئێرانی بە بەرپرسیار زانی، سەرچاوەکان رایانگەیاند، هێرشێکی موشەکی نوێ بنکەیەکی ئەمریکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردوه‌تە ئامانج، بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکادا نەبوە، کە ڕۆژی هەینی ڕویداوە.

به‌هۆی دوایین هێرشه‌كانه‌وه‌ پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران ئاڵۆزتر بوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەكان بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و پشتیوانییە سەربازییەکانی ئێران بۆ ڕوسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیادا، راگیراون.

نیشانەکردن

ئەمریکا ئێران