خهندان-
خۆپیشاندەرانی توڕەیی بههۆی بڕیارێك بۆ "چاكسازی له موچهی خانەنشینی" کە سەرۆکی فڕەنسا پێشنیاری کردبو، ئەمڕۆ هەینی بەردەوام بو لە کاتێکدا ئیمانوێل ماکرۆن جەختی لەوەکردەوە رێگه بە توندوتیژی نادات.
ئەمڕۆ ههینی له فڕهنسا گهشتی شەمەندەفەرەکان خاوبونەوە و رێگه له بارهەڵگرەکان گیران، تاوهكو كاڵاكانیان بۆ بەندەری بازرگانی مارسیلیا بگوازنهوه.
بە ملیۆنان کەس خۆپیشاندانیان کرد تاوهكو ئهمڕۆش داروپەردو زبڵ و خاشاک لە شەقامەکانی پاریسدا ماونهتهوه
دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە بە ملیۆنان کەس خۆپیشاندانیان کرد تاوهكو ئهمڕۆش داروپەردو زبڵ و خاشاک لە شەقامەکانی پاریسدا ماونهتهوه، تاوهكو ئێستاش زیاتر له 450 كهس لەناو پاریس و دەرەوەی پاریس
دهستگیركراون.
بەپێی وتەی جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فڕهنسا نزیکەی 441 پۆلیس و سهرباز بەهۆی توندوتیژییەکانەوە برینداربون، کە لهلایهن خۆپیشاندهرانهوه برینداركراون.
لێدوانە نوێیەکەی ماکرۆن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا بە توندی سهركۆنهی ئەو توندوتیژییەی کرد کە ڕۆژی پێنجشەممە لە ناڕەزایەتییەکان دژی بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە فڕەنسا سەریهەڵدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل ئەمڕۆ هەینی وتی، "ئێمە رێگه به توندوتیژی نادهین، من بەوپەڕی هێزەوە توندوتیژی سهركۆنه دەکەم".
ئاماژهی بهوهشكرد، یاسای پەیوەندیدار بە سیستەمی خانەنشینی بە ڕێگەی یاسایی پەسەند کراوە و ئێمە ڕوبەڕوی ئەو توندوتیژییە دەبینەوە کە لهنێو خۆپیشاندانەکاندا ئهنجامدراوه و لە دیموکراسیدا جێگەی توندوتیژی نییە.
دواخستنی سەردانی شا چارڵی سێیەم
بڕیاربو چارڵز و هاوسەرەکەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتو یەکەمین سەردانی بۆ وڵاتانێكی دراوسێ ئهنجامبدهن و بگهنه فڕهنسا، پێش ئەوەی بەرەو ئەڵمانیا بڕۆن، بهڵام ماكرۆن وتی، "ئەمڕۆ دواخستنی ئەو سەردانە رادەگەیەنم بەهۆی بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی فڕەنسا".
داونینگ ستریت ئاشکرایکرد کە دواخستنی سەردانەکە دوای داواکارییەکی سەرۆکی فڕەنسا لەو بارەوە بڕیاری لەسەر دراوە.
کۆشکی باکینگهام رایگەیاندوە، پاشای بریتانیا و کامیلای هاوسەری هیوادارن سەردانی فڕەنسا بکەن بە زوترین کات.
ئەوەی پێویستە لەسەر سیستەمی خانەنشینی مشتومڕاوی بزانیت
ماکرۆن بڕیاریداوه چاکسازی لە سیستمی خانەنشینی له وڵاتهكهیدا بكات و تەمەنی خانەنشینی لە 62 ساڵەوە بۆ 64 ساڵ بەرز دەکاتەوە، پێشنیاری كردوه کە سیستەمی خانەنشینی هەموار بکرێتەوە بۆ ئەوەی كورتهێنان له بودجەدا كهمبكرێتهوه.
حکومەتی فڕەنسا هەفتەی رابردو بڕیاریدا ئەو یاسایە دەربکات و خۆی لە دەنگدان لە پەرلەمان بەدور بگرێت.
زۆرینەی بەرفراوانی فڕەنسییەکان دژی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و بڕیاری حکومەتن
راپرسییەکان دەریدەخەن کە زۆرینەی بەرفراوانی فڕەنسییەکان دژی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و بڕیاری حکومەتن بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکەی بەبێ دەنگدان لە پەرلەمان، دژایهتی خۆیان لهوبارهیهوه راگهیاندوه.