خهندان-
نزیکەی 100 هەزار فەلەستینی بەمەبەستی نوێژکردن لە یەکەم هەینی مانگی ڕەمەزان لە مزگەوتی ئەقسا رویان لە قودسی ڕۆژهەڵات کرد، سەرەڕای ئەو سنوردارکردنانەی لەلایەن ئیسرائیلیەکانەوە بەرامبەریان دیاریکرابون.
شێخ عەزام خەتیب بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ئەوقافی ئیسلامی لە قودس ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نزیکەی 100 هەزار نوێژخوێن نوێژی هەینییان لە مزگەوتی ئەقسا ئەنجامداوە.
هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل لە شەقامەکانی شارەکە و بەتایبەت شاری کۆن و کوچەکانی و دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا بڵاوەیان پێکرا
لە کاتژمێرەکانی بەیانییەوە هێزەکانی پۆلیسی ئیسرائیل لە شەقامەکانی شارەکە و بەتایبەت شاری کۆن و کوچەکانی و دەوروبەری مزگەوتی ئەقسا بڵاوەیان پێکرا، پۆلیسی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی نوسراودا بڵاویکردەوە، سێ هەزار و 200 ئەندامی خۆی لە شاری قودسی ڕۆژهەڵات جێگیر کردوە.
لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێگە بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی غەزە دەدەن بچنە قودسی ڕۆژهەڵاتەوە
هاوکات، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندوە، لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێگە بە ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی غەزە دەدەن بچنە قودسی ڕۆژهەڵاتەوە، ئەمەش دوای وەرگرتنی مۆڵەتی چونە ژورەوە دەبێت.
فەلەستینیەکان لە قودس و شار و شارۆچکە عەرەبییەکانی ئیسرائیلەوە ڕویان لە قودس کرد و تیمەکانی ڕژێم، هێزە تایبەتەکان، پاسەوانان و پارێزەرانی مزگەوتی ئەقسا بۆ یارمەتیدانی نوێژخوێنان بڵاوەیان پێکرابو.