خهندان-
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسبەینێ شەممەوە کە دەوامی فەرمی لەسەرجەم نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستی و نۆرینگە میللی و راوێژکاریەکان دەستپێدەکاتەوە، دەوامی کارمەندان کاتژمێرێک کەمدەکرێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی، بەیانی ڕۆژی شەممە یەکەم ڕۆژی دەوامی فەرمی دەبێت لە سەرجەم دامودەزگا خزمەتگوزاریەکانی تەندروستی (نەخۆشخانە، سەنتەر و بنکەکانی تەندروستی، نۆرینگە میللیەکان و نۆرینگە ڕاوێژکاریەکان و خزمەتگوزاریەکانی نیمچەتایبەت).
دەوامی فەرمی یەک کاتژمێر کەمدەبێتەوە بۆ کاتژمێر 1:00 دوای نیوەڕۆ
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، "بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆز، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی خۆشەویست و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران، دەوامی فەرمی یەک کاتژمێر کەمدەبێتەوە بۆ کاتژمێر 1:00 دوای نیوەڕۆ بۆ ئەو شوێنانەی کەوا ڕۆژانی شەممە دەوام تێیاندا هەیە وەکو نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکەکانی تەندروستی".
ئەو شوێنانەی ڕۆژانی شەممە دەوامیان نیە، دەوام بۆ کاتژمێر 2:00 دوای نیوەڕۆ کەمدەکرێتەوە
ئەوەشیخستەڕو، دەوامی دیوانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکان و بەڕێوەبەرایەتی و هەمو ئەو شوێنانەی کەوا ڕۆژانی شەممە دەوامیان نیە، دەوام بۆ کاتژمێر 2:00 دوای نیوەڕۆ کەمدەکرێتەوە، هەروەها تەواوکەری دەوامەکانی ئێواران و شەوان بەشێوازی ئێشکگری بەردەوام دەبێت.