چۆنیەتی خواردنێکی تەندروست؛ لەدوای رۆژو شکاندن چوار ژەم بخورێت

03:01 - 24/03/2023

2711جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

د.پروشە شوان، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک و کێش لەبارەی باشترین خۆراکی تەندروست لە مانگی رەمەزان دەڵێت، "ڕۆژو گرتن لە ڕوی تەندروستییەوە سودێکی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ، بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەو کێشە تەندروستییانەی کەسەکە هەیەتی و ئامانجی کەسەکە چییە لە ڕوی تەندروستییەوە، دەکرێت بۆ هەندێک کەس ببێتە چارەسەر بۆ هەندێک گرفتی تەندروستی، بەو مەرجەی بزانین کەی و چۆن و چی بخۆین".

خواردنی ڕۆژێکی بەڕۆژوبون دەکرێت بە چوار بەشەوە. 
بەشی یەکەم:

کاتی بەربانگ: کەسەکە دەبێت ( 1-3) دەنک خورما لەگەڵ یەک پەرداخ ئاو (سەهۆڵاو نەبێت چونکە دەبێتە هۆی لاوازبونی هەرس) ڕۆژوەکەی کۆتا پێبهێنێت.
هەروەها لەم ژەمەدا دەتوانێت شۆربایەک بە خواستی خۆی بخوات (بۆ چالاککردنی هەرس و قەرەبوکردنەوەی وشکبونەوەی جەستە)، پاشان ( 15-20) خولەکێک بەسەربەرێت بە ئەنجامدانی ئەرکە ئایینیەکانی تاوەکو بەشی دوەم.

بەشی دوەم:

خواردنی ژەمی سەرەکی کە ئامادەکراوە هەمەجۆر بێت لە سەوزەوات و کاربۆهیدرات ( برنج، قەرەخەرمان، ساوەر یان نان) و پرۆتین (هەمو جۆرەکانی گۆشت، باشتریشە بە قاپێک زەڵاتە دەست پێبکەیت).

بەشی سێیەم:

سوکە ژەمێک (میوەکان یاخود چەرەس) 

بەشی چوارەم:

ژەمی پارشێو کە زۆر گرنگە و نابێت تەرک بکرێت، لە شێوازی ژەمی بەیانیان دەبێت ( هێلکەی کوڵاو، ماست ، گوێز و بادەم، پەنیری کەم چەوری و کەم خوێ، لەگەڵ میوەیەک و بڕێک سەوزەوات.

ئەو بڕە ئاوەی کە مرۆڤ لە بەربانگ تاوەکو پارشێو دەیخواتەوە نابێت لە هەشت پەرداخ کەمتر بێت

د.پروشە شوان ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، "ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەو بڕە ئاوەی کە مرۆڤ لە بەربانگ تاوەکو پارشێو دەیخواتەوە نابێت لە هەشت پەرداخ کەمتر بێت، کە یەکسانە بە لانیکەم دو لیتر".

خۆتان بەدوربگرن لە زیادڕەوی کردن لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بڕێکی زۆر خوێ و بەهاراتیان تێدایە

دەشڵێت، "ئامۆژگاریمان ئەوەیە کە خۆتان بەدوربگرن لە زیادڕەویکردن لە خواردنی ئەو خۆراکانەی کە بڕێکی زۆر خوێ و بەهاراتیان تێدایە، خواردنی سورەوکراو، هەروەها ترشیات و خواردنە قوتوەکان، چونکە پێویستی جەستە بە ئاو و هەستی تینوێتی و هیلاکی ڕۆژوان زیاد دەکەن، هەروەها تا بتوانرێت خواردنی شیرینی و خواردنەوە گازییە و شەربەتە دەستکردەکان کەمبکرێنەوە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کێشەی کێشی زیاد یان کێشەی هەرسیان هەیە و کەسانی توشبو بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشیە درێژخایەنەکانن".