خه‌ندان-
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان رایگه‌یاند، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە چاوەڕوان دەکرێت لەم ساڵدا ئەنجام بدرێت، ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەن و کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆندا هاوەپەیمانێتی ببەستێت بێجگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشمانی کوردستان.
هیچ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکدا نییه، به‌ڵام ئاماده‌ین
محەمەد ئەحمەد، بەرپرسی دەستەی باڵای چاودێری یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان به ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، "ئێمه هیچ ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکدا نییه، به‌ڵام ئاماده‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ی دو هێزی ده‌سه‌ڵات هه‌ر كه‌سێک ئاماده بێت پێكه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كگرتو لیستێكی ئۆپۆزیسیۆنی به‌هێز دروست بكه‌ین، ئێمه ئاماده‌ین".
هێشتا زوه ئەو دەستپێشخەرییە بەفەرمی بخەینە بەردەم لایەن و کەسایەتییەکان
محەمەد ئەحمەد وتیشی، "هێشتا زوه ئەو دەستپێشخەرییە بەفەرمی بخەینە بەردەم لایەن و کەسایەتییەکان، چونكه چاوه‌ڕێی هه‌مواری یاساكه‌ین، چاوه‌ڕێی ڕێككه‌وتن یان نوێكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنین، چاوه‌ڕێی پاككردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگده‌ره‌كانین، هێشتا بواری ئیشكردن ماوە".
ئەوەشی وت، "ئێمه ته‌نها ڕامانگه‌یاندوه، هه‌ركه‌سێكیش بڵێت ئاماده‌ین ده‌چین دانوستانی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین هه‌تا ڕێكبكه‌وین بۆ هاوپەیمانێتییەکە".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2009دا هاوپەیمانێتییەک پێکهات بەناوی لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی لە نێوان یەکگرتووی ئیسلامیی، کۆمەڵی دادگەری، کە ئەو کات ناوی ئیسلامی بوو، و حزبی سۆسیالیست و زەحمەتکێشان کە ئەوکات ناوی حزبی ئایندەی کوردستانی سەربەخۆ بوو.
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە 240 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا کە دەکاتە نزیکەی 12.5% ی دەنگەکان و 14 کورسییان مسۆگەر کرد.
بەڵام لەدوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکە هەڵوەشایەوە و جگە لە حزبی سۆسیالیست کە بەشداری لە حکومەتی هەرێم کرد ئەوانی دیکە چوونە بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە.
كۆمه‌ڵێک لایه‌ن بوین به ئایدۆلۆجیا و دینی جیاجیا ته‌نانه‌ت ئیسلامی و مه‌سیحی
دەربارەی ئەزمونی یەکگرتو لەم هاوپەیمانێتییەدا، محەمەد ئەحمەد وتی، مەبەستیان ئەوەبو ئەوان لەسەر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی گشتی نەک ئایدۆلۆجیا مامه‌ڵه دەکەن، ده‌ڵێت، "كۆمه‌ڵێک لایه‌ن بوین به ئایدۆلۆجیا و دینی جیاجیا ته‌نانه‌ت ئیسلامی و مه‌سیحی، هه‌مو پێكه‌وه یه‌كه‌مجار به‌ره‌یه‌كمان هه‌بو حزبه كوردستانیه‌كانی به‌شدار له حكومه‌ت، به‌ڵام دواجار ویستمان بیكه‌ین به هاوپه‌یمانی ئۆپۆزیسیۆنی، ئێستاش په‌یاممان ئه‌وه‌یه بۆ لایه‌نه‌كان ئۆپۆزیسیۆنێک بین كه بتوانین فشار دروست بكه‌ین به‌ره‌و چاكسازی".
لەدوای درێژکردنەوەی خولی کارکردنی پەرلەمان لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردو بۆ ماوەی یەک ساڵ، یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بڕیاری بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستانی‌دا.
لەسەرەتای ئەم مانگەشدا بەتەواوی ئەندامەکانی کشاندەوە و ڕایگەیاند، هیچ کادیرێکی یەکگرتو ئەو کورسییانە پڕناکاتەوە، لە بەرامبەردا بزوتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەوان کورسییەکانی یەکگرتوو وەکو "ئەرکێکی شەرعی" پڕ دەکەنە.
لە ئێستاشدا یەکێک لەو بابەتانەی جێگەی مشتومڕی لایەنە سیاسییەکانە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم، بریتییە لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە ناو پەرلەمانی هەرێمدا.
حزبەکەی لە ڕێگه‌ی یاسایی و سیاسی و ڕاگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ره‌وه فشار دەکات
سەبارەت بەمە محەمەد ئەحمەد وتی، حزبەکەی لە ڕێگه‌ی یاسایی و سیاسی و ڕاگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ره‌وه فشار دەکات، کە ئامانجی فشارەکان ئەوەیە "بتوانرێت یاسایه‌ک بێت كه به‌ڕاستی خه‌ڵک دڵی پێخۆش بێت و متمانه‌ی به هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ دروست ببێته‌وه".
ئێستا به‌جۆرێک هه‌ڵبژاردن بێ متمانه كراوه لای خه‌ڵک
رونیشیكرده‌وه، "یه‌كێک له سیماكانی دیموكراسیه‌ت هه‌ڵبژاردنه، به‌ڵام ئێستا به‌جۆرێک هه‌ڵبژاردن بێ متمانه كراوه لای خه‌ڵک، هیوادارین ئه‌و متمانه‌یه بگه‌ڕێته‌وه و خه‌ڵک به‌جددی متمانه‌یان به سندوقه‌كانی ده‌نگدان هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌كی ئیجابی و گه‌شه‌یه‌ک به پرۆسه‌ی سیاسی بده‌ن".