خهندان-
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لە رونکردنەوەیەکدا، زانیاریەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی لەبارەی ئەنجامدانی ژمارەیەک پرۆژە و دامەزراندن بۆ کەرتی تەندروستی رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەگەر رێکخراوەکان و پارەی حزب و وڵاتانی ئەوروپی نەبێت، دەبێت نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە دابخەین".
ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لەڕونکردنەوەیەکدا کە ئاڕاستەی رایگشتی و فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردوە نوسیویەتی، "لە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئەم هەواڵەیان بڵاوکردۆتەوە، هیوادارم زانیاریەکان راست بکرێنەوە، بۆ زانیاریتان ملیارێک و 80 ملیۆن لەوەتەی تەندروستی هەڵەبجە دامەزراوە لە 2016ەوە بۆ هەڵەبجە تەرخانکراوە و هیچی نوێ نیە، پارێزگایەکی وەک هەڵەبجە بەو هەمو نەخۆشەوە وا دەزانن تەنها بە 90 ملیۆن دینار بەرێوە دەچێت، بەڵام ئەگەر رێکخراوەکان و پارەی حزب و وڵاتانی ئەوروپی نەبێت، ئەبێت نەخۆشخانەکانم دابخەم".
60 کارمەند بۆ نەخۆشخانەی وەفا و بیارە نەبون، تەنها 30 کارمەند بون
سەبارەت بەراگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە باسی لەوەکردوە، 49 پزیشک دامەزراون، ئازاد مستەفا رەتیدەکاتەوە، ئەو ژمارە پزیشکە دامەزرابن و دەشڵێت، "60 کارمەند بۆ نەخۆشخانەی وەفا و بیارە نەبون، تەنها 30 کارمەند بون، ئەویش بە گرێبەست، ئێستاش لە ماڵەوەن گرێبەستەکەیان هەڵوەشاوەتەوە، بەدەر لە بوجەی خۆمان هیچ کامێک لەو بڕە پارانەی وەک زانیاری دانراون بۆمان خەرج نەکراوە، وەک 108 ملیۆن دینار و 155 ملیۆن دینار بۆ ئامێری پزیشکی".
تەنها ئەوەی کارگەی ئۆکسجینەکە بۆ هەڵەبجە دابینکراوە، وەک هەمو شارەکانی تر نەک زیاتر
ئاماژەی بەوەشکردوە، "تەنها ئەوەی کارگەی ئۆکسجینەکە بۆ هەڵەبجە دابینکراوە، وەک هەمو شارەکانی تر نەک زیاتر، ئەویش پارەکەی دەبێت لە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە دابینبکرێت".