تێچوی شەڕی ئەمریكا لە عێراق ئاشكرادەكرێت

10:10 - 18/03/2023

4479جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نیتا کراوفۆرد توێژەر لە کاروباری سیاسی نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی پێشبینیدەکرا ئەمریکا لەشەڕی عێراقدا 300 ملیار دۆلار خەرجبکات، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بۆ نزیکەی سێ ترلیۆن دۆلار بەرزبۆوە و تا ئێستاش 500 هەزار هاوڵاتی بەهۆی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق کوژراون.

نیتا کراوفۆرد لە وتارێکدا بەناونیشانی "خوێن و گەنجینە"ی کە لەلایەن ڕێکخراوی دیموکراسی ئێستای ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە نوسیویەتی، "لە ماوەی ساڵی 2002، ئەمریکا بۆچونێکی سەبارەت بە تێچوی شەڕەکە خستەڕو، کە بریتی بو لە خەرجکردنی لە 300 ملیار دۆلار زیاتر نەبێت، ژمارەیەکی کەمیش لە هاوڵاتیانی عێراقی و سەربازانی ئەمریکا ئەگەری هەیە ببنە قوربانی، بەڵام ئەوەی لە ڕاستیدا لە کاتی شەڕ و پێش جەنگدا ڕویدا تەواو جیاواز بو، چونکە هێزەکانی ئەمریکا، تەنانەت پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەڵمەتێکی بۆردومانیان دەستپێکرد کە شارەکانی کردە ئامانج، کە لەمانگی یەکەمدا بونە هۆی کوژرانی زیاتر لە حەوت هەزار عێراقی".

سەدان هەزار کەسی دیکە لە ئەنجامی لەشکرکێشی ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە

ئاماژەی بەوەشکرد، "سەدان هەزار کەسی دیکە لە ئەنجامی لەشکرکێشی ئەمریکادا گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە بون لەو شەڕەی کە واشنتن پێیوابو لەخۆی دەگرێت و لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی دێت، کە نەیتوانی بەدەستیبهێنێت، وەک تا ئەم ساتە لەوێ هێشتا سەربازی ئەمریکین لەسەر زەوی لە عێراق و شەڕ دەکەن".

ئەمریکا لەبری ئەو 300 ملیار دۆلارەی کە سەرەتا پێشبینی دەکرا دو ترلیۆن و 900 ملیار دۆلاری خەرجکردوە

نیتا کراوفۆرد لە وتارەکەیدا دەشڵێت، "ئەمریکا لەبری ئەو 300 ملیار دۆلارەی کە سەرەتا پێشبینی دەکرا دو ترلیۆن و 900 ملیار دۆلاری خەرجکردوە و لەبری ئەوەی تەنها چەند مانگێک بێت بۆ کۆتاییهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی شەڕەکە، ئەمریکا هێشتا 20 ساڵە لە عێراقدا بەشدارە چەندین ساڵی دیکەش بەردەوام دەبێت".

لەماوەی ڕابردودا ژمارەی کوژراوان گەیشتوەتە نیو ملیۆن کەس لە هەردو وڵاتی عێراق و سوریا

ئەو توێژەرە باسی لەوەشکردوە، "ئەو زانیاریانەی لەلای ناوەندە توێژینەوە ئەمریکییەکانەوەن و ئەوەی لەڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە چاودێری کراون، ئەوە دەسەلمێنن کە لەماوەی ڕابردودا ژمارەی کوژراوان گەیشتوەتە نیو ملیۆن کەس لە هەردو وڵاتی عێراق و سوریا".

بە ئاماژەدان بەوەی کە "خستنەڕوی سوریا لە ئامارەکەدا لە ئەنجامی دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دێت کە توێژەرەکە بە بەشێک لە ئەنجامی ڕاستەوخۆی لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق زانیوە".

نیشانەکردن

ئه‌مریكا

بەپەلە