خهندان-
شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین بڕیارە رۆژی دوشەممەی داهاتو سەردانی روسیا بکات، بەمەبەستی بینینی رۆڵی وڵاتەکەی و خستنەگەڕی هەوڵەکانیان بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی مۆسکۆ و کیێڤ و ئەنجامدانی دانوستان بۆ گەیشتن بەئاشتی و کۆتاییهێنان بەشەڕ و ناکۆکیەکان.
سەرۆکی چین کە هەوڵدەدات ڕۆڵی وڵاتەکەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەرز بکاتەوە، بەسود وەرگرتن لە هەوڵەکانی بۆ لەیەکتر نزیککردنەوەی ئێران و سعودیە و واژۆکردنی رێکەوتنێک لەنێوان هەردو وڵات، لەکاتێکدا ئەمریکاش بەفەرمی پشتیوانی لەو رێکەوتنە کرد کە 10ی ئەم مانگە لە چین واژۆکرا.
وانگ ون بین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندوە، "چین بەنیازە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی دانوستانەکانی ئاشتی لەنێوان ئۆکرانیا و روسیا".
شی جین پینگ بەنیازە بەمزوانە لەگەڵ هاوتا ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی هاوتا ئۆکرانیەکەی قسە بکات
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، شی جین پینگ بەنیازە بەمزوانە لەگەڵ هاوتا ڤۆڵۆدمیر زلێنسکی هاوتا ئۆکرانیەکەی قسە بکات، لەبەرامبەریشدا ئەمریکا پشتیوانی لەو هەوڵە دەکات بۆ هێنانەدی سەقامگیری.
پەکین تاوەکو ئێستا هیچی نەکردوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ئۆکرانیا
پەکین تاوەکو ئێستا هیچی نەکردوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ئۆکرانیا، بۆ سەرکەوتنی نێوەندگیرییەکەشی دەبێت سەرەتا بە فشارخستنە سەر ڕوسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەستپێبکات، بۆ سەردانەکەی رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیەش، ڕۆژئاواییەکان هیوادارن سەرۆکی چین لەم سەردانەیدا کەڵک وەربگرێت بۆئەوەی داوای لە هاوڕێ دێرینەکەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بکات شەڕ ڕابگرێت.
وەستاندنی شەڕەکە خواستی هەموانە
وانگ یوێی، بەڕێوەبەری پەیمانگای کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی چین لە پەکین دەڵێت، "وەستاندنی شەڕەکە خواستی هەموانە، چونکە ئەوروپا مەترسیی لەدەستدانی زۆری لەسەرە و ڕەنگە ئەمریکا نەتوانێت پشتگیری ئۆکرانیا بکات بۆ ماوەیەک کە پێیان وایە دەتوانێت".
پەکین کە هاوپەیمانێکی گرنگی مۆسکۆیە، خۆی وەک لایەنێکی بێلایەن لە ململانێی ئۆکرانیادا نیشان دەدات، بەڵام چین ئامادە نەبو سەرکۆنەی لەشکرکێشییەکەی ڕوسیا بکات و ڕەخنەی توندی لە هاوکارییەکانی واشنتن بۆ کیێڤ گرت، ئەمەش بوە هۆی ئەوەی تۆمەتبار بکرێت بەوەی کە لە کاتی داگیرکردنی ئۆکرانیادا بەرگێکی دیپلۆماسی بۆ ڕوسیا دابینکردوە.