رێکەوتنێک لەبەرژەوەندی ئۆکرانیا درێژکرایەوە

06:59 - 18/03/2023

3419جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ڕێگەی بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە کە ئەمڕۆ کۆتاییهات درێژکراوەتەوە، بەڵام ماوەی درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ئاشکرا نەکردوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ ڕێککەوتنی ڕێڕەوی هەناردەکردنی دانەوێڵە کۆتایی دێت، لە ئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەردولا ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە کرا".

ڕوسیا داوای درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی کردبو بۆ ماوەی تەنها 60 ڕۆژ

پێشتر ڕوسیا داوای درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی کردبو بۆ ماوەی تەنها 60 ڕۆژ، کە نیوەی ماوەی نوێکردنەوەی پێشوە، لەکاتێکدا ئۆکرانیا پێداگری لەسەر نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 120 ڕۆژ دەکرد.

وەڵامی فەرمی لە هەمو لایەنەکانەوە بۆ پێشنیارەکەی بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی دانەوێڵە وەرنەگرتۆتەوە

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردو ڕوسیا ڕایگەیاند، تا ئێستا وەڵامی فەرمی لە هەمو لایەنەکانەوە بۆ پێشنیارەکەی بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەش بۆ ماوەی 60 ڕۆژ وەرنەگرتوە.

ئاژانسی هەواڵی RIA لە زاری سێرگی ڤێرشینین جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، "تا ئێستا وەڵامی فەرمیمان لە لایەن لایەنەکانەوە وەرنەگرتوە، لایەنەکان و نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتوەکانیشمان لە هەڵوێستی خۆمان ئاگادار کردوەتەوە".

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس "هەمو هەوڵێک دەدات بۆ دڵنیابون لە بەردەوامیی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە هەلومەرجی ئێستادا".

لەو کاتەوەی کە ڕوسیا و ئۆکرانیا لە 22ی (تەمموز/7)ی 2022 دەستپێشخەری دانەوێڵەی دەریای ڕەشی تورکیایان واژۆکرد کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ملیۆنان تۆن دانەوێڵە و خۆراکی دیکە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا هەناردە کراوە، ئەمەش یارمەتیدەر بوە بۆ دابەزاندنی نرخی خۆراکی جیهان بۆ ئاستێکی پێوانەیی.

نیشانەکردن

روسیا

بەپەلە