بەوێنە؛ هەڤاڵ ئەبوبەکر ئامانجی سەردانەکەی بۆ رۆما بڵاوکردەوە

05:19 - 18/03/2023

2672جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەدوای گەشتێک بۆ رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا لەپەیامێکدا رایگەیاند، "لەگەڵ ئینستیتوتی کولتوریی کوردیی ڕۆماو دامەزراوەی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکخراوی کولتوریی کوردیی بۆڵزانۆ، بەرنامەی وەگێڕان و چاپکردنی دیوانێکی هاوبەشی کوردیی ئیتاڵیمان داڕشت".

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر لە هەژماری تایبەتی خۆی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک وێنەیدا نوسیویەتی، "ڕۆما، پایتەختی ئیتاڵیا، ڤاتیکان، بە زانست و ئەزمون و شارەزایی بەهاداری دکتۆر سۆران یاسین و دکتۆر غەیاسەدینی پسپۆڕی شوێنەوارناسیی خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئینستیتوتی کولتوریی کوردیی لە ڕۆما، مۆزەخانەی ڤاتیکان و شوێن و شوێنەوارە دێرینەکان و پیشانگای شێوەکاریی کۆن و نوێ و کڵێساو پەرستگاو دامەزراوە کولتورییەکانمان بەسەرکردەوە، بە مێژوی دێرین و کۆن و هاوچەرخ و نوێی شوێنەوار و شارستانێتیی مرۆڤایەتیدا؛ شۆڕبوینەوە، سوپاس بۆ زانایی و ئەزمونداریی و دڵسۆزیی و دنیابینیی هەمو ئەو خۆشەویستانەی لەم ڕۆژانەدا هاوڕێ و هاوکار و مامۆستاو ڕێبەرمان بون".

بەرنامەی وەگێڕان و چاپکردنی دیوانێکی هاوبەشی کوردیی ئیتاڵیمان داڕشت

دەشڵێت، "بەسوپاسەوە لەگەڵ ئینستیتوتی کولتوریی کوردیی ڕۆماو دامەزراوەی نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوە ڕۆژهەڵاتناسییەکان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێکخراوی کولتوریی کوردیی بۆڵزانۆ، بەرنامەی وەگێڕان و چاپکردنی دیوانێکی هاوبەشی کوردیی ئیتاڵیمان داڕشت".

کتێبە پشتیوانیکراو و چاپکراوەکانی ئینستیتوتی کولتوری کوردی رۆما، لەسەر ئەرکی پارێزگاری سلێمانی بۆ شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ

ئاماژەی بەوەشکردوە، "کتێبە پشتیوانیکراو و چاپکراوەکانی ئینستیتوتی کولتوری کوردی رۆما، لەسەر ئەرکی پارێزگاری سلێمانی بۆ شاری داهێنەری ئەدەبیی یونسکۆ، بە زمانی ئینگلیزیی چاپکراون، لەگەڵ بەرهەمە چاپکراوە ناوازەکانی ئینستیتوتی خوێندنی کوردیی بەرلین، پێشکەش بە دامەزراوە کولتورییەکانی ئیتاڵیا کران".