شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت: بەرهەم ساڵح سەرکردە دیارەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگەکان كۆده‌كاته‌وه‌

04:02 - 17/03/2023

2977جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

کارەکانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی له‌ماوه‌ی دو رۆژی رابردودا به‌ڕێوه‌چون، کە لەڕێگەیەوە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق سەرکەوتو بو لە کۆکردنەوەی سەرکردە باڵاکانی عێراق كه‌ له‌باره‌ی ئاستەنگەکانی داهاتو گفتوگۆیان كرد.

رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌، ڕۆژانی 15و  16ی و ئه‌م ئازار، دوای پێنج مانگ لە جێهێشتنی پۆستەکەی، د. به‌رهه‌م ساڵح توانی سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌ عێراقی و نێودەوڵەتییەكان و ژماره‌یه‌ك باڵیۆزی وڵاتان و هەروەها نوێنه‌ری نەتەوە یەکگرتوەکان له‌ عێراق بە نوێنەرایەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبکاتەوە.

 

د. به‌رهه‌م ساڵح چوار ساڵی پڕ له‌ جوڵه‌ی به‌ڕێكرد

دیداری سلێمانی كه‌ له‌زانكۆی ئه‌مریكی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چو، دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح چوار ساڵی پڕ له‌ جوڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی له‌ به‌غدا به‌ڕێكرد، هاوكاتیش بو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونی 20 ساڵ به‌سه‌ر روخانی رژێمی به‌عسدا، ئه‌و له‌ وتارێكدا جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌سه‌ر بونی كێشه‌ی جددی له‌ سیستمی سیاسی و حوكمڕانی له‌ عێراقدا.

 

د. به‌رهه‌م لە  گه‌رمه‌ی ململانێیەکی چڕدا پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت

د. به‌رهه‌م ساڵح ساڵی 2018 لە گه‌رمه‌ی ململانێیەکی چڕ و پڕی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات، پۆستی سەرۆکایەتی عێراقی گرتە ئەستۆ، ناوبراو لە ساڵی 2006 زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی وەک یەکەمین زانکۆی ئەمریکی لە عێراقدا  دامەزراند، پێش ئەوەی دو زانکۆی دیكه‌ی ئەمریکی دابمه‌زرێن، ئەوانیش بریتین لە زانکۆی ئەمریکی لە پارێزگای دهۆك، هەروەها زانکۆی ئەمریکی لە بەغدا.

 

حه‌وته‌مین دیداری له‌و جۆره‌بو لە سلێمانی

دیدارى سلێمانى کۆنفرانسێکى ئاستبەرزى سیاسیی بو، تیشکی خسته‌ سەر رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەفریقاى باشور و لەلایەن پەیمانگاى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوەبرا، ئه‌وه‌ش حه‌وته‌مین دیداری له‌و جۆره‌بو كه‌ تێیدا بابەتەکانى وەک سیاسەت، ئابورى، ژینگە، یاسا، مافى مرۆڤ، تەندروستى، وزە و چەندین پرسى دیکەى گرنگ باسكران.

 

سه‌ركرده‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستی باڵادا به‌شداریان كرد

سه‌ركرده‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستی باڵادا به‌شداریان له‌ دیداری سلێمانی كرد، له‌وانه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فایه‌ق زێدان، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و  حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هه‌رێمی كوردستان و  بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌روه‌ها جینین پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان.

هاوكات له‌ دیداری سلێمانی ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی سودانی به‌شداربون له‌وانه‌ فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ و جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، محەمەد تەمیم، وه‌زیری پلاندانان و سابت ئەلعەباسی، وه‌زیری به‌رگری و عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی و حەمید ئەلشەتری، بەرپرسی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ژمارەیەک وەزیری پێشو و سەرکردەی حزب و نوێنەر و ژمارەیەکی زۆر لە توێژەر و ئەکادیمی به‌شداربون.

 

تاوتوێی دۆخی ئابوری بەهای دیناری عێراقی کرا

له‌میانی وتارێكدا له‌ دیداری سلێمانی، عه‌لی عه‌لاق، پارێزگاری بانكی تاوه‌ندی رایگه‌یاند،  "بانکی ناوەندی هەنگاوی یاسایی پێویست دەنێت بۆ ئه‌وه‌ی دیناری عێراقی ببێته‌ دراوێكی سه‌ره‌كی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌ بازاڕدا"، وتیشی، لەئێستادا بانکی ناوەندی هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی مامەڵەکردن بە دراو بکرێت بە کارتی بانکی و لە هەمو مامەڵەکانی ناوخۆی عێراقیشدا تەنها دینار بەکاربهێنرێت نەک دۆلار، بەڵام بۆ مەبەستی بازرگانی دەرەوە و گەشتیاری دۆلار بە نرخی فەرمی دەدرێت بە عێراقییەکان و لەم بوارەدا هیچ کێشەیەکیان نییە.

 

لەبارەی مەترسیەکانی داعش هۆشداری درا

سەبارەت بە دۆخی ئه‌منی، حەمید ئەلشەتری، سکرتێری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باسی له‌وه‌كرد، "داعش توانای ئەوەی نەماوە زەوی بگرێت"، وتیشی، "لەڕوی سەربازییەوە لەگەڵ داعش تەواو بوین، ئێستا گەورەترین تەحەدا ئەوەیە کە چۆن ڕوبەڕوی توندڕەوی ببینەوە". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌ سەبارەت بە کەمپی ئەلهۆل، رونیكرده‌وه‌، "داعش سودی لە کەمپی ئەلهۆل وەرگرتوە کە 60 هەزار کەسی تێدا دەژین، بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکە ژەهراویەکانی".

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی هۆشداری لە گەندەڵی و بەرتیلدا

لایخۆیه‌وه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوتری عێراق وتی، "نەزانینی هاوڵاتیانی عێراقی لە مافەکانیان وای لێکردن بەرتیل بدەن بۆ خێراترکردنی کاروبارەکانیان"، ده‌ڵێت، "له‌مكاته‌دا سەرۆک وەزیران هیچی پێ ناکرێ، گەندەڵی خۆی لە پشت ڕێکارە ئاڵۆزەکان و هەروەها کاغەز و بیرۆکراسی دەوڵەتەوە حەشارداوە".

به‌هۆی ئەو قەوارە لاوەکیانەوه‌ پڕۆسەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سەرکەوتو نەبوە

هاوكات حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق هۆکاری شکستهێنان لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لە وڵاتدا دەستنیشان کرد و وتی، "حکومەتەکانی پێشو مەیلیان هەبوە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی لاوەکی و ڕەنگە هەندێکیان نادەستوری بوبن"، ئه‌و رونیكرده‌وه‌، "به‌هۆی ئەو قەوارە لاوەکیانەوه‌ پڕۆسەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سەرکەوتو نەبوە، چونکە حکومەتەکانی پێشو نەچونەتە دامەزراوەی کارامە، ئەویش دەستەی دەستپاکییە".

دروشمى ئەمساڵى دیداری سلێمانی بریتیی بو لە "پاش 20 ساڵ: عێراق و ناوچەکە لەنێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان"، جگە لە بەشداربوانى ناو ددیدارەکە، ژمارەیەکى زۆر لە رۆژنامەنوس و کەناڵى راگەیاندنى ناوخۆو و بیانى سەرقاڵى روماڵکردن بون و وەک روداوێکى گرنگى راگەیاندن لێى دەڕوانرا، چونكه‌ دوای چوار ساڵ یه‌كه‌مین دیداری له‌وجۆره‌ بو له‌ سلێمانی.

بەپەلە