راوێژکارێکی باڵای نێچیرڤان بارزانی وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن بۆ خەندان ئاشکرا دەکات

11:41 - 15/03/2023

7976جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راوێژکارێکی باڵای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئەگەر رێککەوتنی کۆتایی لایەنە سیاسییەکان لەسەر دۆسیەی هەڵبژاردن بگاتە پەرلەمان و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی کارابکرێتەوە، پێدەچێت سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریبکات و هەڵبژاردنەکەش لەنێوان 2023/10/15 تاوەکو 2023/11/15 بەڕێوەدەچێت.

کاری لەپێشینەمان داوە بە دۆسیەی هەڵبژاردن

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی، لە چاوپێکەوتنێکدا كه‌ رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د لەگەڵیدا سازیکردوە، باسی لە رۆڵی سەرۆکایەتی هەرێم کرد لە کەمکردنەوەی گرژیی نێوان لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردن و ئەوەی خستەڕو، لەئێستادا کاری لەپێشینە دراوە بە دۆسیەی هەڵبژاردن و دەیانەوێت لایەنەکان هەرچۆنێک بوە لەسەر ئەم بابەتە بگەن بە رێککەوتن، چونکە سەرۆکایەتی هەرێم باوەڕی وایە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ هەرێمی کوردستان سودەکانی زۆر زیاترە لە پەکخستنی پرۆسەکە بەهۆی ناکۆکی نێوان حزبەکانەوە.

هەڵبژاردن لەنێوان 2023/10/15 تاوەکو 2023/11/15 بەڕێوەدەچێت

وتیشی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرکە یاساییەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمساڵدا جێبەجێ دەکات و رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات، لە هەمو دۆخێکیشدا چاوەڕی دەکرێت لە 2023/10/15 تاوەکو 2023/11/15 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و سەرۆکایەتی هەرێمیش ئەو ماوەیە بە گونجاو دەزانێت، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی کورسی پێکهاتەکان کە ئێستا دیارترین خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنە کوردستانییەکانە، سەرۆکایەتی هەرێم باوەڕی وایە پێویستە چۆنیەتی هەڵبژاردنی کورسی پێکهاتەکان بۆ خودی پێکهاتەکان جێبهێڵرێت و ئەوە مافێکی رەوای خۆیانە کە دەستوەردان لەکاروباریاندا نەکرێت.

هاوپەیمانان داوامان لێدەکەن هێزێکی نیشتیمانی دروستبکەین 

پەیوەست بە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش کە چەندجارێک نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری لەبارەوە داوە، دڵشاد شەهاب باسی لەوەکرد، هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەکە خاوەن پێگەیەکی بەهێزە و وڵاتانی دۆستیش کە سەردانی هەرێم دەکەن، لە چوار بواردا ئامۆژگاریی سەرکردەکانی کورد دەکەن، ئەوانیش یەکەم پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان و ئارامی سیاسی ببرێت، دوەم بواریش ئەوەیە داوا دەکەن لەناوخۆی کوردستاندا هێزێکی پێشمەگەی نیشتیمانی دور لە دەستی حزبەکان دروست بکرێت.

دۆستەکانمان داوا دەکەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت

ئەوەشی خستەڕو، تەوەری سێیەم کە وڵاتانی دۆستی هەرێم بەردەوام جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەوەیە هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەکاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن، تەوەری چوارەمیش ئەوەیە داوا دەکەن لایەنەکانی کوردستان ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و سەرنج بخەنەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان.

هاوپەیمانان کۆتا وادەیان بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە دیاریکردوە 

لەبارەی هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەش، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، یەکێک لە کێشەکانی بەردەم یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئەوەیە تەمەنی هێزەکانی سەر بە حزبەکان لە تەمەنی حکومڕانی و دامەزراوەکانی کوردستان زیاترە بۆیە ئاسان نیە بە بڕیارێک هەمو هێزەکان یەکبخرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا بەچاودێری وردی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خشتەیەک دانراوە کە مانگانە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی تێدا دەخرێتەڕو، لەو خشتەیەشدا کۆتا وادە بۆ دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوی کوردستانی دیاریکراوە.