تازه‌ترین زانیاری له‌باره‌ی 400 ملیار دیناره‌كه‌ و موچه‌ ئاشكرا ده‌كرێت

05:50 - 14/03/2023

13486جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئاوات جه‌ناب نوری، وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، 400 ملیار دیناره‌كه‌ بۆ موچه‌ ته‌رخانده‌كرێت و نادرێته‌ هیچ شتێكی دیكه‌، ده‌شڵێت، "دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌ هاوشێوه‌ی مانگه‌كانی دیكه‌ ده‌بێت و گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت و خێراتر ناكرێت".

پشکی هەرێم رێککەوتنی لەسەر کراوە 

ئاوات جه‌ناب نوری ئەمڕۆ سێشەممە دوای بەشداریکردنی لەکۆبونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێم کە لە هەولێر بەڕێوەچو، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتن کراوە لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی 2023، ئەو رێککەوتنەش ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەندیکردوە، لەم کاتەدا ئومێدەوارن پەرلەمانی عێراقیش بە زوترین کات پڕۆژەی بودجە پەسەند بکات.

400 ملیارەکە بۆ موچە هاتوە و غەیری موچە بۆ هیچ شتێکی دیکە خەرج ناکرێت

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 400 ملیار دینارەی حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردوە "بۆ موچە هاتوە و غەیری موچە بۆ هیچ شتێکی دیکە خەرج ناکرێت، هاتنی ئەو پارەیەش گۆڕانکاری لە خشتەی پێدانی موچە دروستناکات و دابەشکردنی موچەی مانگی شوبات و ئازاریش بەگوێرەی ئەو خشتەیە دەبێت کە پێشتر بڵاودەکرێتەوە".

پشکی هەرێم لە پڕۆژەی بودجەی عێراق بە 12.67% دیاریکراوە

پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆژەیاسای بودجە، وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم وتی، پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی بودجەی عێراق بە 12.67% دیاریکراوە تا ئەو کاتەی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ سەرژمێری لە عێراق دەکرێت، "پشکی مانگانەی هەرێمی کوردستانیش تائێستا نازانین چەند دەبێت و دوای پەسەندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەو کاتە دیاری دەکرێت".

بەپەلە