خەندان-
ئەمڕۆ سێشەممە لە پارێزگای هەڵەبجە خۆپیشاندانێکی فراوان بەبەشداری سەدان کەس ئەنجام درا و تیایدا هاوڵاتیانی پارێزگاکە داوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ شارەکەیان کرد، هاوکات داواشیانکرد رێکارەکانی بەپارێزگابونی هەڵەبجە و تەرخانکردنی بودجەی بۆی خێراتر بکرێن.
وەڵاممان نەدرێتەوە ئازادین لە هەنگاوی داهاتو
کاتژمێر 3:30 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەناو شاری هەڵەبجە بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەبەشداری سەدان هاوڵاتی خۆپیشاندانیان سازکرد و رایگەیاند، لەڕوی خزمەتکردنی قوربانییانی کیمیاباران و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییان کەموکورتی زۆر لە هەڵەبجەدا هەیە و ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە، ئازادن لە گرتنەبەری هەر رێگەیەکی مەدەنی دیکە لە داهاتودا.

رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە زوترین کاتدا تەواو بکرێن
هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێن، تەواوکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە تەواونەکراوەکان، رێکارەکانی تایبەت بە کردنەوەی مەرزی سازان و تەواوکردنی پڕۆژەی رێگاو پردی توەقوت لە داواکارییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانن و داواش دەکەن رێکارەکانی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە زوترین کاتدا تەواو بکرێن.
ڕێکارە فیدڕاڵییەکانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە تەواو کران
لەکۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا رێکارە کارگێڕییەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە پەسەندکرا، لەم بارەیەوە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە بڕیاری کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ڕێکارە فیدڕاڵییەکانی بە پارێزگابونی هەڵەبجە لەسەر ئاستی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ تەواو کرا.
هەڵەبجە بو بە پارێزگای ژمارەی 19ی عێراق
ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای بڕیارەکەی حکومەتی عێراق، لە ئەمڕۆوە هەڵەبجە بو بە پارێزگای ژمارەی 19ی عێراق.