هاوڵاتیان ترسیان لە بانکەکان هەیە و پارەکانیان لەماڵەکانیان دەشارنەوە.. بۆچی دۆلار جێگیر نابێت؟

07:25 - 10/03/2023

7624جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

هەڵاوسانی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق دودڵی هاوڵاتیان بۆ پاشەکەوتکردنی پارەکانیان لە بانکەکان زیاد دەکات، هاوکات ڕێژەی کۆکردنەوەی دراوی ئەمریکی و کڕینی زێڕیش ڕو لە زیادبون دەکات بۆ خۆپاراستن لە دابەزینی زیاتری بەهای دینار کە نرخەکەی بەراورد بە نرخی فەرمی لە بازاڕی ڕەشدا بەنزیکەی 30% بەرامبەر بەدۆلار دابەزیوە. 

بەگوێرەی ئاژانسی (بغداد الیوم)، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردودا ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی پارەیان لە بانکەکان دانابو، پارەکانیان وەرگرتوەتەوە، بەوتەی شرۆڤەکارانی داراییش، بەهۆی گۆڕانی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینارەوەیە کە کاریگەری زۆری لەسەر شێوازەکانی پاشەکەوتکردن و وەبەرهێنان لە وڵاتدا دروستکردوە، هەروەها بوەتە هۆکار بۆ دروستبونی قەیرانی متمانە لەلای هاوڵاتیان بەرامبەر بە سیستمی بانکی، ئەوەش بۆ لاوازی چاودێری و بڵاوبونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، بڵاوبونەوەی بەرتیل لە زۆربەی دامەزراوە داراییەکان دەگەڕێتەوە، جگە لە بێتوانایی لە دەرهێنانی پارە بە ئاسانی لە بانکەکان، لە ژێر ڕۆشنایی دابەزینی ژێرخانی سیستەمی بانکیدا.

بەپێی ئاماری دەزگا تایبەتمەندەکانی توێژینەوەی ئابوری، تا ناوەڕاستی ساڵی ڕابردو بڕی 70 ترلیۆن دینار بوە

هەرچەندە 81 بانک لە عێراقدا هەیە، کە بەسەر هەشت بانکی حکومی و 24 بانکی بازرگانی و 29 بانکی ئیسلامی و 20 بانکی بیانی دابەشکراون، بەڵام قەبارەی ئەو پارانەی کە لە دەرەوەی کەرتی بانکی دەسوڕێنەوە نزیکە لە نەختینەیی لە وڵاتدا، بەپێی ئاماری دەزگا تایبەتمەندەکانی توێژینەوەی ئابوری، تا ناوەڕاستی ساڵی ڕابردو بڕی 70 ترلیۆن دینار بوە.

کۆی گشتی قەبارەی دانانی پارە لە بانکەکان 96 ترلیۆن دیناربوە

تا ئێستا ئامارێکی ورد لەسەر هەژماری هاوڵاتیان و قەبارەی پاشەکەوت و دانانی پارەکانیان لە بانکەکاندا نییە، بەهۆی نەبونی ڕاپۆرتی ساڵانەی سەقامگیری دارایی بانکی ناوەندی عێراق بۆ ساڵی 2022، کە گۆڕانکاریی دارایی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، وەک ئەوەی بانکەکە لە ساڵی 2022دا ئاماژەی پێکردوە دوا ڕاپۆرتی خۆی بۆ ساڵی 2021 کە کۆی گشتی قەبارەی دانانی پارە لە بانکەکان 96 ترلیۆن دیناربوە و رێژەکەشی 13.1% بەراورد بە ساڵی 2020 زیادیکردوە، وەک شارەزایانی بانکی ئاماژە بەوە دەکەن، "زۆربەی ئەو پارانە پارەی دانراوی حکومەت و گواستنەوەی موچەیە بۆ فەرمانبەران، ئەمە جگە لە هەژماری ئێستای وەزارەتەکان و بەشێک لە کۆمپانیاکانی ناوخۆی عێراق، لەکاتێکدا پارەی هاوڵاتیان ڕێژەی 10%ی ئەو پارەیە پێکناهێنێت". 

چەندین هۆکار هەن کە بونە هۆی کەمبونەوەی قەبارەی پارە لە بانکەکان

ئەحمەد سەباح شارەزای کاروباری دارایی لەوبارەیەوە دەڵێت، "چەندین هۆکار هەن کە بونە هۆی کەمبونەوەی قەبارەی پارە لە بانکەکان و وەرگرتنەوەیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، بەو پێیەی زۆرێک لە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان متمانەیان بە بانکەکان نەماوە، بەهۆی ڕێکارەکانەوە و رۆتیناتەکانەوە کە کاریگەریان زۆری لەسەر ئاستی وەبەرهێنان و پاشەکەوتکردن و مامەڵەی بانکی هەبو، لە نێو ئەم ڕێکارانەدا سروشتی مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیاران لە لایەک، بێتوانایی وەبەرهێنەران لە دەرهێنانی پارەکانیان لە کاتی پێویستدا لەلایەکی دیکە هۆکاری سەرەکین".

ڕێژەی گشتگیری دارایی لە عێراق لە 21% تێپەڕناکات

ئەحمەد سەباح ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، "ڕێژەی گشتگیری دارایی لە عێراق لە 21% تێپەڕناکات، ئەم ڕێژەیەش زۆر نزمە بەراورد بەو پێشکەوتنەی کە وڵاتانی ناوچەکە بەخۆیانەوە بینیویانە لە بواری دارایی و سیستمی بانکیدا، "هۆکاری بنەڕەتی لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیانیش لە دانانی پارەکانیان لە بانکەکان دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی بەهای دینار کە ئەمە وایکرد ڕێژەیەکی زۆریان پارەکانیان بگوازنەوە بۆ پاشەکەوتی نەختینەیی و دۆلار و زێڕ بکرن و لەماڵەکانیان هەڵیبگرن". 

جیاوازیەکەی لەگەڵ نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق بۆ هەر 100 دۆلارێک، 25 هەزار و 600 دینارە

ئەمڕۆ هەینی بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەکان بە 157 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەکرا، کە جیاوازیەکەی لەگەڵ نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق بۆ هەر 100 دۆلارێک، 25 هەزار و 600 دینارە،  ئەمەش لەکاتێکدایە زیاتر لە مانگێک تێپەڕیوە بەسەر پەسەندکردنی پاکێجێکی بڕیاری دارایی حکومەت بۆ بەرەنگاربونەوەی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، دیارترینیان دانانی بەهای دراوی نیشتمانی بە 131 هەزار دینار بۆ بازرگانان.

 خواستی زۆر لەسەر دۆلار لەلایەن بازرگانان و هاوڵاتیان و ئەو کەسانە هەیە گو دەیانەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن

دراوی عێراقی لە ماوەی مانگی (کانونی دوەم/1)ی ئەمساڵدا زیاتر لە 30%ی بەهاکەی لەدەستدا و بەهای 100 دۆلار گەیشتە 170 هەزار دینار، پێش ئەوەی حکومەت چەند بڕیارێکی دەربکات کە بەشداربون لە سنوردارکردنی دابەزینی نرخی دراو، بەڵام بەردەوامی خواستی زۆر لەسەر دۆلار لەلایەن بازرگانان و هاوڵاتیان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن، یەکێکی دیکەیە لەهۆکارەکانی جێگیرنەبونی بەهای دۆلار بەرامبەر بەدینار.

لێدوان و بەیاننامە هەیە کە ژمارەی ناڕاستەقینە لە قەبارەی پارە دانراوەکان دەخەنەڕو بۆ زۆر مەبەست

لەلای خۆیەوە، عومەر حەلبوسی توێژەری ئابوری باسی لەوەکردوە، "لێدوان و بەیاننامە هەیە کە ژمارەی ناڕاستەقینە لە قەبارەی پارە دانراوەکان دەخەنەڕو بۆ زۆر مەبەست، لەوانە مارکێتینگ بۆ بەرزکردنەوەی پشکی هەندێک لە بانکەکان، یان بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو قازانجەی کە لە کارەکان بەدەستیدەهێنن، هەندێکیان پێشێلی رێنماییەکان دەکەن هاوشێوەی سپیکردنەوەی پارە کاردەکەن".

ئەو توێژەرە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی متمانە لەنێوان وەبەرهێنەران و بانکەکان جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگی سەپاندنی چاودێری توند بەسەر بانکەکاندا و پاراستنی پارەی وەبەرهێنەران و ئاسانکاری مامەڵەکردن بۆ هاندانی پاشەکەوتکردن.

زۆرێک لە وەبەرهێنەران ڕوبەڕوی چەندین کێشە دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ڕێکارەکانی دانان و بردنە دەرەوەی پارەوە هەیە

زۆرێک لە وەبەرهێنەران ڕوبەڕوی چەندین کێشە دەبنەوە کە پەیوەندییان بە ڕێکارەکانی دانان و بردنە دەرەوەی پارەوە هەیە، ئەمەش وایکردوە هەندێکیان پارەکانیان بکێشنەوە و لە ماڵەکانیاندا کۆی بکەنەوە یان لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات بیخەنە سەر هەژمارەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان.

نایەوێت پارەکەی لە بانکەکانی عێراقدا بمێنێتەوە، بەهۆی نەبونی میکانیزم و ئامرازی وەرگرتن

لەوبارەیەوە ماهر عەسافی بازرگان باسی لەوەکردوە، "نایەوێت پارەکەی لە بانکەکانی عێراقدا بمێنێتەوە، بەهۆی نەبونی میکانیزم و ئامرازی وەرگرتن و دانانی ئەلیکترۆنی، ئەمە جگە لەوەی متمانەی بە گواستنەوەی دارایی لە ڕێگەی ئەوانەوە نییە".

ئەوەشیخستەڕو، گواستنەوە پارەکانی بۆ کڕینی کاڵاکان لە دەرەوەی وڵات لەڕێگەی فەرمانگەی گواستنەوەی فەرمیەوە ئەنجامدەدرێت، کە بە باشتر و خێراتر و سەلامەتتر لە بانکە حکومییەکان دادەنرێت".