خهندان-
"یاسای رزگاربوانی دەستی داعش" ئەو یاسا گرنگەی سەرۆک بەرهەم سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق رەوانەی پەرلەمانی کرد و پەسەندکرا، بەفەرمی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقیش لەوبارەیەوە دەڵێت، "بەپێی یاساکە، کچان و ژنانی رزگاربوی ئێزیدی مانگانە 800 هەزار دیناریان وەک موچە پێدەدرێت".
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بەپشت بەستن بە یاسای ڕزگاربوانی ئێزیدی کە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندکراوە، بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی لەژێر ناونیشانی (بەڕێوەبەرایەتی رزگاربوان) لەوەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دامەزرا، بەمەش وەزارەتی کار یەکێک لەو پرسانەی گرنگی پێدەدات پێشکەشکردنی هاوکاری و لێکۆڵینەوە و بەدواداچونی بەردەوام دەبێت بۆ پرسی رزگاربوان.
بڕی 25 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربوان تەرخانکراوە
وتیشی، "لە چوارچێوەی یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری بۆ ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، بڕی 25 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربوان تەرخانکراوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە موچەی مانگانە بە بڕی 800 هەزار دینار دەداتە هەر ڕزگاربویەک، لەگەڵئەوەشدا پارچەیەک زەویان پێدەدات و پێشینەی خانوبەرەشیان بەقیست پێدەدات تاوەکو بۆ دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبون سودی لێوەربگرن".
بە کۆی گشتی هەزار و 650 داواکاری تاوەکو ئێستا وەرگیران
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرێوەبەرایەتی کاروباری ڕزگاربوان لە مانگی (ئەیلول/9)ی ساڵی ڕابردودا پێگەیەکی ئەلیکترۆنی کردەوە، داواکارییەکانی ڕزگاربوان بە فەرمی لەسەر ئەم پێگەیە وەرگیرا، بە کۆی گشتی هەزار و 650 داواکاری تاوەکو ئێستا وەرگیران، پاشانیش لیژنەیەک پێکهێنرا، بەپێی ئەوەی لەیاساکە پەسەندکرابو، کە دادوەر و پسپۆڕی تێدابو، بۆ ئەوەی تاوتوێی داواکارییەکان بکەن".
یەکەمین ماستەرکارتمان بۆ 133 رزگاربو دروستکردوە
سەبارەت بەدەستپێکردن بە پێدانی موچە و هاوکاری بە رزگاربوانی ئێزیدی، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، "یەکەمین ماستەرکارتمان بۆ 133 رزگاربو دروستکردوە، یەکشەممەی داهاتو کە دەکاتە 12ی (ئازار/3) دەتوانن موچەکانیان وەربگرن، جگە لەوەش ئێمە هاوکاریی دەرونی و چاکسازی کۆمەڵایەتی پێشکەش بە کچان و کوڕان دەکەین کە ڕزگاربوی تیرۆرن بە مەبەستی سەرلەنوێ ئاشناکردنەوەیان بە کۆمەڵگە تا ببنە ببنە ئەندامی چالاک".
لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک بەرهەم، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پڕۆژەیاسای ژنانی ئازادکراوی ئێزدی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد
رۆژی 7ی (نیسان/4)ی 2019 لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک بەرهەم، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پڕۆژەیاسای ژنانی ئازادکراوی ئێزدی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد، ئامانجیش لەم پڕۆژەیە یاسایە، قەرەبوکردنەوەی مادی و مەعنەوی ژنانی ئازادکراو و سەرپەرشتیکردنیان و دابینکردنی ژیانێکی باشتر و دوبارە تێکەڵبونەوەیان بەکۆمەڵگە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیانە.
پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای قەرەبوکردنەوەی ژنانی ئێزدی رزگاربوی دەستی داعشی بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرد
لە کۆبونەوەی رۆژی یەکی (ئازار/3)ی 2021دا، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای قەرەبوکردنەوەی ژنانی ئێزدی رزگاربوی دەستی داعشی بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرد، یاساکەش رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە چاودێریکردن و دابینکردنی ژیانێکی باشتر و دوبارە تێکەڵبونەوەی کچان و ژنانی ئێزدی بەکۆمەڵگە.
پێویستە هەمومان یەکگرتو بین لەسەر ئەنجامدانی کارە دروستەکان بۆ کۆمەڵگاکەمان
لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکەوە، سەرۆک بەرهەم لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ "Jiyan Foundation" دەڵێت، "پێویستە هەمومان یەکگرتو بین لەسەر ئەنجامدانی کارە دروستەکان بۆ کۆمەڵگاکەمان، سیاسەت دەتوانێت مرۆڤەکان جیاواز بکات، بە شێوەیەکی جیاواز تەماشای شتەکان بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا نابێت لەسەر ئاوەدانکردنەوەی شەنگال ناکۆک بین، نابێت لەسەر گەڕانەوەی خەڵک بۆ ماڵەکانیان ناکۆک بین، نابێت جیاوازیمان هەبێت سەبارەت بە بەڕاستی دانانی ڕێوشوێنی ئەمنی کە پارێزگاری لەو ناوچانە بکات و هەرگیز جارێکی تر داعشێکی تر یان شتێکی لەو جۆرەی بتوانێت بێت و خەڵک تیرۆر بکات و خەڵک بخاتە ژێر دەستی و بە کچەکانمان و کوڕەکانمان و منداڵەکانمان و کۆمەڵگاکانمان چی بکات وەک ئەوەی ئەوان کردیان، ئەوەی ڕویدا ترسناک بو، پێویستە وانەی لێ فێربین، ئەوە تەنها پەیوەندی بە قەرەبوکردنەوە نییە، پێویستە زۆر زیاتر بکەین".
ئەوەی پاڵنەری من بو هەستکردن بو بە بەرپرسیارێتی، هەستکردن بو بە ئەخلاق
سەبارەت بە پاڵنەرەکانی ناردنی پرۆژەی قەرەبوکردنەوەی رزگاربوانی ئێزیدی بۆ پەرلەمان، سەرۆک بەرهەم باسی لەوەکردوە، "لە مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی 2018 وەک سەرۆک هەڵبژێردرام، توانیمان تا مانگی (ئازار/3)ی 2019 ڕەشنوسی یاساکە کۆتایی پێبهێنین و پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانمان کرد، لە ڕاستیدا، ئێمە دەبو پشتگیری حکومەت لەو کاتەدا بەدەستبهێنین چونکە کاریگەری ڕاستەقینەی هەبو، بۆیە دەبو کەمێک کاری سیاسی و هەوڵدانی پێویستبو، ئەمە نزیکەی پێنج مانگی خایاند تا ئەمە گەیشتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەی پاڵنەری من بو هەستکردن بو بە بەرپرسیارێتی، هەستکردن بو بە ئەخلاق".
بەهیوای ئەوەی کە ڕۆژێک دێت بتوانین هەوڵی نێودەوڵەتی جددی بدەین و بۆئەوەی هەرکەسێک یارمەتی داعشی داوە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، باجی ئەم تاوانانە بدات
سەرۆک بەرهەم ئەوەشی رونکردەوە، "ئەو ڕاستییەی کە قوربانیانی دەستی داعش، بە تایبەت ئەو کچە ئێزیدیانەی کە ڕفێندرابون و بەوشێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا کرابو، وەک موسڵمانێکیش، وەک کوردێک، وەک سەرۆکێک، وەک مرۆڤێک، هەستم دەکرد بەڕاستی پێویستمان بە کردار هەیە، بۆ من هیچ بڕە قەرەبوکردنەوەیەک، هیچ بڕە دانپێدانانێک هەرگیز نەیتوانی ئەو نادادپەروەرییە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەسەر ئەم کەسانەدا دێت، هیوادارم ئەمە سەرەتای پرۆسەیەک بێت کە بەهۆیەوە نەک تەنها قەرەبوکردنەوە لە دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی عێراق دابین بکەین، کە بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقییە لە زۆر ڕوەوە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆمان و گەلی خۆمان بەڵکو بەهیوای ئەوەی کە ڕۆژێک دێت بتوانین هەوڵی نێودەوڵەتی جددی بدەین و بۆئەوەی هەرکەسێک یارمەتی داعشی داوە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، باجی ئەم تاوانانە بدات و قەرەبوی قوربانییەکان بداتەوە، ئێزیدییەکان لە پێشەنگی ئەوانەوە، کە بەڕاستی توشی ئازارێکی ترسناک بون، تاقیکردنەوەیەکی ترسناک لەو ماوەیەدا بەسەریاندا هات".
ڕێککەوتین تەنانەت پێش هەڵبژاردنیشم وەك سەرۆك كۆمار، ئەمە ببێتە پێشەنگی کارەکانم

سەرۆک بەرهەم ئەوەشیخستۆتەڕو، زۆرێک لە چالاکوانان دەناسم کە باسی ئەم بابەتەیان لەگەڵ دەکردم، زۆرێک لە ئێزیدیەکان کە دەمناسین، هاوڕێ و کەسانێک کە پێکەوە کارمان لەسەر ئەمە کردوە، دواجار ڕێککەوتین تەنانەت پێش هەڵبژاردنیشم وەك سەرۆك كۆمار، ئەمە ببێتە پێشەنگی کارەکانم".
لەساڵی 2021دا بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربوان دامەزرا
لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکەوە، رێزان شێخ دلێر ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە خەندان-ی راگەیاند، لەساڵی 2021دا بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربوان دامەزرا، لەئێستاشدا ئەو هەنگاوانە خراونەتەڕو کە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە کاری لەسەر کردون.
قەرەبوکردنەوەی ئێزیدیەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەبێت، لەڕێگەی پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنیەوە دەتوانن داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن
رێزان شێخ دلێر وتیشی، "قەرەبوکردنەوەی ئێزیدیەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەبێت، لەڕێگەی پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنیەوە دەتوانن داواکاریەکانیان پێشکەش بکەن، بەڕێوەبەرایەتی رزگاربوانیش لقێکی سەرەکی لە موسڵ دەبێت بۆگەیاندنی هەر کێشە و گرفتێکیان دەتوانن سەردانی بکەن".
ئەوەی دیاریکراوە 246 کەس سودمەندبون کە مانگانە موچە وەک هاوکاری وەردەگرن
ئەو ئەندامەی خولی پێشوی عێراق باسی لەوەشکرد، "ئەوەی دیاریکراوە 246 کەس سودمەندبون کە مانگانە موچە وەک هاوکاری وەردەگرن، بەڵام رێژەکەیان زۆر زیاترە، لەبەرئەوە پێویستە هەرێمی کوردستان زانیاری بدات بەو بەڕێوەبەرایەتیەی دروستکراوە تا هەموان سودمەندبن".
ئەو یاسایەی کە دکتۆر بەرهەم رەوانەی پەرلەمانی کرد، گرنگیەکی تایبەتی بۆئێمە هەبو
بەفرین شڤان عەمو یەکێک لەکچانی رزگاربوی ئێزیدی لە لێدوانێکدا بۆ خەندان وتی، "ئەو یاسایەی کە دکتۆر بەرهەم رەوانەی پەرلەمانی کرد، گرنگیەکی تایبەتی بۆئێمە هەبو، باشترین یاسا بو، بۆ سەرجەم رزگاربوان و کەسوکاری ئێزیدیەکانیش، ئەم یاسایە بوەتە هۆی ئەوەی زۆرترین ئێزیدی سودمەندبن".
سوپاسی سەرجەم ئەوانە دەکەین کە هاوکاربون لە پەسەندکردنی ئەو یاسایەی سەرۆک کۆمار رەوانەی پەرلەمانی کرد
وتیشی، "سوپاسی سەرجەم ئەوانە دەکەین کە هاوکاربون لە پەسەندکردنی ئەو یاسایەی سەرۆک کۆمار رەوانەی پەرلەمانی کرد، سودی زۆری بۆ ئێمەی رزگاربوی ئێزیدی هەبو، لەکاتێکدا ئێمە پێشتر پێویستمان بە پارچە قوماشێک بو، نەک ئێستا موچەی مانگانە و زەویمان پێدەدرێت".
بەگوێرەی پرۆژە یاساکە، تاوانبارانی تاوانی رفاندن و بەکۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی نابێت بەهیچ جۆرێک لێبوردنی گشتی و تایبەتی بیانگرێتەوە و بەهیچ شێوەیەک نابێت لەسزادان ببەخشرێن و لیژنە یاسایی و ئیداریەکانیش دەبێت چاودێری پرۆسەی دەست بەسەرکردنی تاوانکاران و بکەران و هاوبەشەکانی ئەو تاوانە بکەن بەپێ یاسا.