خەندان-
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پرسی باشترکردنی دۆخی فەرمانبەران لەرێگەی هێنانەکایەی دادپەروەری لە موچە و شایستە داراییەکانیان، یەکێکە لە کارنامەکانی حکومەت و لەئێستادا لەپڕۆژەیاسای بودجەدا کار لەسەر ئەو خاڵە دەکەن.
پێوەرەکانی موچە گۆڕانکاریان تێدا دەکرێت
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، لەکارە لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت، بەرەنگاربونەوەی هەژاری بوە و دەستکاری "پێوەرەکانی موچە"ش لەو چوارچێوەیە دایە.
دادپەروەری باشتر لە موچە و شایستە داراییەکانیان دروست دەکات
باسی لەوەشکردوە، سەرۆک وەزیران کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ئەو قورسایەی کەوتوەتەسەر شانی فەرمانبەرانی وەزارەتەکان، بۆیە داوای لە وەزارەتەکان کردوە پێشنیازەکانی خۆیان پێشکەش بکەن بۆ چۆنیەتی هێنانەکایەی دادپەروەری باشتر لە موچە و شایستە داراییەکانیان.
جیاوازی موچەی فەرمانبەران کەمدەکاتەوە
پەیوەست بەم بابەتەش عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەستکاری "پێوەرەکانی موچە" جیاوازی لە موچەی نێوان فەرمانبەرانی وەزارەتێک لەگەڵ فەرمانبەرانی وەزارەتێکی دیکە کەم دەکاتەوە، لەوانەش دەرماڵەی مەترسی و ئیمتیازاتەکانیان، بۆیە لیژنەکەیان چاوەڕێ دەکات لە پڕۆژەیاسای بودجەدا ئەو بابەتەش چارسەر بکرێت.