خهندان-
چوار دۆسیهی گرنگ ئهنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی گهیانده ههرێمی كوردستان و لهگهڵ بهرپرسانی پارتی و یهكێتی كۆبوهوه، جگه لهوهی داوای لێكردون ههرچی زوه ههڵبژاردن ئهنجامبدهن و كێشهكانیان چارهسهر بكهن، هاوكات هۆشداری پێداون لهوهی كه كات له بهرژهوهندی ههرێمی كوردستان نیه، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش بهخهندان-ی وت، "ئەمریکا چەند ساڵێکە لە وردەکاری روداوەکانی عێراق و هەرێم کشاوەتەوە و ئێستا ئەو رۆڵە نەتەوە یەکگرتوەکان دەیگێڕێت".
بهگوێرهی بهدواداچونهكانی خهندان كه سهرچاوهی ئاگادار له نێو كۆبونهوهكان دهستی كهوتوه، لەسەردانەکەی رۆژی پێنجشهممه (2ی 3ی 2023) بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵادا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر چوار دۆسیە وەستاوە و هۆشداریشی داوە کە بەردەوامی دۆخی کوردستان بەم شێوەیەی ئێستا، کە ناکۆکی ناوخۆیی، دواکەوتنی هەڵبژاردن و پاشهكشهی ئازادی له ههرێمی كوردستان لە سیما دیارەکانین، تاسەر بەردەوامی نابن.
رێککەوتنی هەرێم و بەغدا و کاری پێکەوەیی لە بەرژەوەندی هەمو لایەکدایە
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان دو لە پەیامەکانی بۆ دەسەڵات و خەڵکی کوردستانیش
رونکردەوە، کاتێک لە کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەیدا لە هەولێر وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە و وتی، داوا لە هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ دەکات بۆ چارسەری کێشەکان کۆببنەوە و بگەن بەرێککەوتن، چونکە "رێککەوتن و کاری پێکەوەیی لە بەرژەوەندی هەمو لایەکدایە".
داوایکردوە لایەنەکانی هەرێم بەجددی کاربکەن بۆ ئەوەی لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت
رەنگ بێت بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان هیچ دۆسیەیەک لە ناوخۆی کوردستاندا لە پرسی هەڵبژاردن بە بایەختر نەبێت، چونکە لەهەر چوار کۆبونەوەکەی دوێنێی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، د.رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەو دۆسیەیە خراوەتەبەر باس و نەتەوە یەکگرتوەکان داوایکردوە لایەنەکانی هەرێم بەجددی کاربکەن بۆ ئەوەی لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
به ڕونی باس زیندانیانی بادینان و پاشهكشهی ئازادی له ههرێمی كوردستان كردوه
سەبارەت بە ناکۆکی ناوخۆیی لایەنەکانی کوردستانیش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەرچەندە ئامادەنەبو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان بداتەوە و تەنها وتی، ئەوان دەستوەردان لە کێشەکانی ناوخۆدا ناکان، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی خەندان لەکۆبونەوەکاندا نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لە بەرپرسانی باڵای هەرێم کردوە کردوە، کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێن، هاوكات به ڕونی باس زیندانیانی بادینان و پاشهكشهی ئازادی له ههرێمی كوردستان كردوه.
پەیامی چوارەمی نەتەوە یەکگرتوەکان هەم هۆشدارییە و هەمیش ئاماژەی نائومێدییە
پەیامی چوارەمی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان "هەم هۆشدارییە و هەمیش ئاماژەی نائومێدییە" لەبەرامبەر ئەو پەیامانەی پێشتری داویانە بە بەرپرسانی کورد، بەجۆرێک سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان هەمان پەیامی جینین پلاسخارت، نوێنەرهكهی لە عێراق دوپاتکردوەتەوە و رایگەیاند، "کات لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە و نابێت لایەنەکان وابزانن تاسەر ئەو دۆخە وەک ئێستا دەمێنێتەوە، چونکە ناوچەکە و عێراقیش بە ژمارەیەک گۆڕانکاریدا تێدەپەڕن".
ئەمریکا لە وردەکاری روداوەکانی عێراق و هەرێم کشاوەتەوە و ئێستا ئەو رۆڵە نەتەوە یەکگرتوەکان دەیگێڕێت
پەیوەست بەم بابەتەش عومەر عەلى شێخ بزینى، مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەمریکا ماوەی چەند ساڵێکە لە وردەکاری روداوەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کشاوەتەوە و ئێستا ئەو رۆڵە نەتەوە یەکگرتوەکان دەیگێڕێت، کە تیایدا زیاتر جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیی و باشتربونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکاتەوە".
نەتەوە یەکگرتوەکان دەیەوێت زیاتر بەشداربێت لە وردەکارییەکان ئەوەش لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا دەرکەوت
وتیشی، "بەهۆی ئەوەی سەروەری ئێستای عێراق ناتەواوە و دەوڵەت ناتوانێت بە تەواوی پارێزگاری لێبکات، بۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان دەیەوێت زیاتر بەشداربێت لە وردەکارییەکان ئەوەش لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا دەرکەوت، هەروەها لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش جینین پلاسخارت چەند جارێک راستەوخۆ بۆ چارەسەری کێشەکان هاتوەتەسەر خەت و داوای لە پارتی و یەکێتی کردوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، تاوەکو قەوارەی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی بمێنێتەوە".
دەبێت بەرپرسانی هەرێم پەیام و هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەهەند وەربگرن
ئەو مامۆستایەی زانکۆ باوەڕیوایه "دەبێت بەرپرسانی هەرێم پەیام و هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەهەند وەربگرن"، چونکە ناوچەکە دەیان کێشەی هەیە و هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و جیهانییەوە چاوی لەسەرە و دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەم ناوچەیەدا بەهێزتر بکەن، بۆیە بەگرنگی دەزانێت پێش هەمو شتێک کورد ماڵی خۆی یەکبخات و بتوانێت بەهێز بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت روبەڕوی ئەو گۆڕانکاریانە ببێتەوە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رودەدەن.
ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن یان دواخستنی، مەترسی دروستبونی دیکاتۆری زیاتر دەکات
پەیوەست بە دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان و پێداگری نەتەوە یەکگرتوەکانیش لەسەر ئەنجامدانی، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت، "نەتەوە یەکگرتوەکان باوەڕیوایە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن یان دواخستنی، مەترسی دروستبونی دیکاتۆری زیاتر دەکات، بۆیە یەکێک لە ئامانجەکانی رێکخراوەکە لە جیهاندا ئەوەیە هانی وڵاتان دەدات پابەندبن بە هەڵبژاردن و بەشداریکردن لە بڕیاری سیاسیدا".
نەتەوە یەکگرتوەکان نایەوێت هەرێمی کوردستان پارچە پارچە ببێت
رونیشیكردهوه، هەروەها "نەتەوە یەکگرتوەکان نایەوێت هەرێمی کوردستان پارچە پارچە ببێت، چونکە نە لە بەرژەوەندی جیهان و نە لە بەرژەوەندی نەتەوە یەکگرتوەکانە، کە کوردستان دابەش ببێت، لەبەرئەوەی هەمو دابەشبونێک دەرگا دەکاتەوە بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی هەرێمی كوردستان".
سهردانهكهی گۆتێرێز بۆ ههرێمی كوردستان لهچوارچێوهی سهردانێكیدا بو بۆ عێراق، دوای ئهوهی درهنگانی شهوی 27ی 2ی 2023 گهیشته بهغدا، كاتژمێر 1:30 خولهكی پاشنیوهڕۆی دوێنێ پێنجشهممهش گهیشته ههولێر، دوای چهند كاتژمێرێك مانهوهی له ههولێر درهنگانی شهوی رابردو له رێگهی فڕۆكه تایبهتهكهیهوه ههرێمی كوردستانی بهجێهێشت.