وەزیری سەرچاوەکانی ئاو: دۆخی عێراق بەجۆرێکە هیچ کەس خۆزگەی پێناخوازێت

09:21 - 02/03/2023

54948جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عەون زیاب وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، عێراق لە دۆخێکدایە کە هیچ کەسێک خۆزگەی پێناخوازێت و ئیرەیی پێنابات، لەماوەی 90 ساڵی رابردودا قەیرانی ئاو هاوشێوەی ئەمساڵ لە عێراق روینەداوە.

عەون زیاب لەدیدارێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، عێراق بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت کە کەس خۆزگەی پێناخوازێت و ئیرەیی پێنابات سەبارەت بەو قەیرانە ئاویەی کە وڵاتەکەی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بڕیاریشە دوای 40 ساڵ کۆنفڕانسێکی تایبەت لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت و باس لە دۆخی ئەو وڵاتانە دەکرێت کە بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنن، یەکێک لەو وڵاتانەش کە باسدەکرێت عێراقە.

نەتەوە یەکگرتوەکان بانگهێشتی سەرۆکی کۆماری عێراقی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکە

 ڕونیشیکردەوە، "نەتەوە یەکگرتوەکان بانگهێشتی سەرۆکی کۆماری عێراقی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکە، هەروەها بانکی نێودەوڵەتی و هۆڵنداش سپۆنسەر و دارایی ئەم کۆنفرانسە دەکەن".

ناکۆکی هەیە کە ڕەنگە لە نێوان وڵاتانی سەرەوە و خوارەوە ڕوبدات

وەزیری سەرچاوەکانی ئاو باسی لەوەشکردوە، "ناکۆکی هەیە کە ڕەنگە لە نێوان وڵاتانی سەرەوە و خوارەوە ڕوبدات، نەتەوە یەکگرتوەکانیش هەوڵدەدات ڕوبەڕوی ئەو ململانێیانە ببێتەوە و کاریگەرییەکانیان کەمبکاتەوە، هەروەها ناکۆکی ناوخۆیی لە عێراق لەنێوان ئەوانەی پێویستیان پێیەتی هەیە، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە لێی دەترسین، پێویستە دەستوەردان بکەین بۆئەوەی ئەم دۆخە ڕونەدات و ئاو بۆ ئەو شوێنانە دابینبکرێت کە زۆر پێویستیانە". 

پێشتر ئاوی دیجلە و فورات هەموی دەهاتە ناو عێراقەوە

عەون زیاب ئەوەشی ئاشکراکرد، "پێشتر ئاوی دیجلە و فورات هەموی دەهاتە ناو عێراقەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 1979ەوە تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداو، دواهەمینیان بەنداوی ئەلیسۆ بو لەسەر ڕوباری دیجلە، ئەمەش بوە هۆی کەمبونەوەی ئاوی ئەو دو ڕوبارە، جگە لەوەش زیاتر لە 104 بەنداو لەسەر هەردو ڕوباری دیجلە و فورات دروستکراون".

لە رابردودا عێراق نەیتوانی قەبارەی ئەو کێشەیەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی

سەبارەت بەچارەسەری کێشەکان و بەردانەوەی ئاو، عەون زیاب ئاشکرایکرد، "لە رابردودا عێراق نەیتوانی قەبارەی ئەو کێشەیەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات ئازارەکانی خۆی بگەیەنێتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای ئەوەی دابەزینی قەبارەی ئاو گەیشتە دۆخێکی خراپ کە هیچ کەسێک هیوای پێناخوازێت، بەجۆرێک لەدوای ساڵی 1932ەوە تا ئێستا عێراق قەیرانی لەمجۆرەی بەخۆوە نەبینیوە".

نیشانەکردن

عێراق