هەواڵی ئەمڕۆ

لەبارەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانەوە بڕیارێک دەرچو

11:20 - 21/02/2023

30703جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر فەرمانبەرێک رەوانەی خانەنشینی کرا یان بەهۆی کۆچکردنییەوە تەرقین قید کرا، ئەوا لەلایەن فەرمانگەکەیەوە تاوەکو رێککەوتی خانەنشینبونی، موچە و دەرماڵەکانی بۆ خەرج دەکرێت.

تاوەکو رێککەوتی خانەنشینبونی یان ترقین قیدکردنی، موچەکەی بۆ خەرج دەکرێت
بەگوێرەی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی کە بە ژمارە (1710) لە رۆژی 6ـی ئەم مانگە دەرچوە و واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرە، ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر فەرمانبەرێک "ئیحالە کرا بۆ خانەنشینی یان بەهۆی کۆچکردنی تەرقین قید کرا، ئەوا فەرمانگەکەی موچە و دەرماڵەکانی تاوەکو رێککەوتی خانەنشینبونی یان ترقین قیدکردنی بۆ خەرج دەکرێت".
دوای ئەو رێککەوتەش موچەی خانەنشینی دەبێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای ئەو رێککەوتەش، شایستەی موچەی خانەنشینی دەبێت و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشین موچەی بۆ دابین دەکرێت.