لەبارەی هەڵبژاردنەوە بەرەی یەکێتی بەرفراوان دەبێت

11:12 - 20/02/2023

12729جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتوی ئیسلامی هاوشێوەی یەکێتی، هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان و پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، وەک مەرجی سەرەکی بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریدەکەن، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوش لە پەرلەمان ئاشکرایدەکات، "ئەگەری هەیە لە هەڵبژاردنی پێشودا زیاتر لە 900 هەزار دەنگدەر ساختەکرابێت".

نزار مەحمود ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، بە خەندان-ی راگەیاند، "ئێمە پێش یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش، پێشتر پرۆژەیەکمان هەبو کە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام کار لەسەر پرۆژەکەی ئێمە نەکرا، ئێستاش لایەنەکان بەگشتی و پارتی و یەکێتیش بەتایبەت گەیشتونەتە قەناعەت دەستکاری یاسای هەڵبژاردن بکرێت".

ئەم هەڵبژاردنانەی پێشو کراون، پربون لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و کاری نایاسایی
وتیشی، "ئەم هەڵبژاردنانەی پێشو کراون، پربون لە ساختەکاری و فرتوفێڵ و کاری نایاسایی، تۆماری دەنگدەرانی هەرێم لەگەڵ تۆمارەکەی عێراق 700 هەزار دەنگی جیاوازە، لەکاتێکدا هیچ حزبێکی سیاسی ناتوانێت بەتەنها 700 هەزار دەنگ بهێنێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر نارونی هەڵبژاردنەکان دەبێت، بۆیە پێمانباشە ئامارێک بێت نزیک بێت لە دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان، بۆیە لەگەڵئەوەداین ئامارەکە پاکبکرێتەوە، تا هەڵبژاردنێک بکرێت کە هیچ نەبێت 70%ی پاک بێت".
 تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە، پاشان بچینە ناو هەڵبژاردنەکانەوە
ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت، "ئێمە و یەکێتی و کۆمەڵ و یەکگرتو بۆچونمانوایە تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە، پاشان بچینە ناو هەڵبژاردنەکانەوە".
پرسی ساختەکاری پرسێکی گشتگیرە و شمولی هەمو لایەنەکان دەکات
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری، فاروق عەلی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری بە خەندان-ی راگەیاند، "ئێمە سەرنج و پێشنیازی خۆمان هەبوە، دیارە زۆربەی پێشنیازەکانیش لەگەڵ لایەنەکانی یەک دەگرێتەوە چونکە پرسی ساختەکاری پرسێکی گشتگیرە و شمولی هەمو لایەنەکان دەکات، ئەو ساختەکاری و تۆماری دەنگدەرانەش وایکردوە هاوڵاتیان لەبەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکان ساردبن، چونکە هەڵبژاردنەکان ئاوێنەی خواستی جەماوەر نەبون، ناڕونیەکەش زۆربەی زۆری لەتۆماری دەنگدەران و دەنگدانی تایبەت یەکدەگرێتەوە".
پاککردنەوەی لیستەکە مەحاڵ دەبێت
فاروق عەلی هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری ئاشکرادەکات  و دەشڵێت، "وەک کۆمەڵی دادگەری، بەهەر ئامرازێک بێت تۆماری دەنگدەران لەدەنگی دوبارە و خەڵکانێک کە هەرگیز نیشتەجێی هاوڵاتی هەرێم نەبون، ئەوانەی لەساڵانی رابردودا مردون و لەلیستەکەدا هەن پاکبکرێتەوە، دیارە پاککردنەوەی لیستەکە مەحاڵ دەبێت، بۆیە بەناچاری داوامانکردوە لیستی دەنگدەرانی عێراق کە جیاوازی زۆری لەگەڵ لیستەکەی هەرێم هەیە بکرێتە پێوەر و هەڵبژاردنەکەی لەسەر بەکاربهێندرێت".
زۆربەی ئەو دەنگە زیادەیەی لەتۆماری دەنگدەرانی هەرێم و بەغدا هەیە کەوتۆتە هەولێر و دهۆکەوە
سەبارەت بە هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری، فاروق عەلی ئاشکرایکرد، "پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن داخوازی هەمولایەنە سیاسیەکانە و بەتەنها لایەنێک ناتوانێت پێشنیازەکەی قبوڵ بکرێت، ئەگەر کۆدەنگی لایەنە سیاسیەکان بۆنمونە یەکگرتو، کۆمەڵ و گۆڕان و یەکێتی لەسەر نەبێت، زۆربەی ئەو دەنگە زیادەیەی لەتۆماری دەنگدەرانی هەرێم و بەغدا هەیە کەوتۆتە هەولێر و دهۆکەوە، بۆیە یەکێتیش لەناو ئەو لایەنانەیە داوادەکات تۆماری دەنگدەرانی عێراق بەکاربهێندرێت".
لایەنەکان رازی نابن بەپێی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری وتیشی، "لایەنەکان رازی نابن بەپێی تۆماری دەنگدەرانی هەرێم بچنە ناو هەڵبژاردنەکانەوە، بەڵام ئێستا کۆدەنگی لەسەر تۆمارەکەی عێراق هەیە و پارتیش رازی بوە کە ئەو تۆمارە بەکاربهێندرێت".
یەکگرتوی ئیسلامی داوادەکات هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت
سەرچنار ئەحمەد بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، ئێمە داوادەکەین هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت، جگە لەوەش هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەبازنەیی بێت و هەرێم یەک بازنە نەبێت، هەروەها لیستی دەنگدەران پاکبکرێتەوە، هیچ نەبێت وەک هەڵبژاردنەکەی 10ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2021ی پەرلەمانی عێراق بێت".
وتیشی، "پێشتر کە 1ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2022 دیاریکرا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتو پێشنیازەیاسامان پێشکەشکرد، هەمومان کۆکبوین لەسەرئەوەی لیستی دەنگدەران پاکبکرێتەوە، چونکە ئەگەری هەیە زیاتر لە 900 هەزار دەنگ لە هەڵبژاردنی پێشو ساختەکرابێت، ئەمەش بەڕاستی گاڵتەکردنە بەعەقڵی میللەت، تۆ بچیتە ناو هەڵبژاردنەوە و بەئارەزوی خۆیان یاری بەئەنجامەکان بکەیت".
ئێمە دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام فشاردەکەین پێشنیازە یاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دوەمی بۆ بکرێت
سەبارەت بە هەڵوێستی یەکگرتوی ئیسلامی، سەرچنار ئەحمەد ئاشکرایکرد، "ئێمە دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام فشاردەکەین پێشنیازە یاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دوەمی بۆ بکرێت و یاسای هەڵبژاردنەکان هەمواربکرێتەوە و رێکەوتنی لایەنەکانیشی لەسەربکرێت و لیستەکە پاکبکرێتەوە".
ياسای ژمارە 1ی ساڵی 1999ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا حەوتجار هەموارکراوەتەوە
ئاماژەی بۆئەوەشکرد، "یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1999ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا حەوتجار هەموارکراوەتەوە، 30 ساڵ لەمەوبەر و لەساڵی 1991ەوە هەڵبژاردن لەسەر ئەو یاسایە ئەنجامدەدرێت، تەنانەت باسی بەرەی کوردستانی تێدایە، بۆیە دەبێت هەمواربکرێتەوە، مەجالی ساختەکاری زۆر زۆریشی تێدایە".

پێشتریش خەندان لەسەر زاری سەرچاوەیەکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بڵاویکردەوە، "ئێمە وەکو پارتی تەئکیدمان کردەوە ئەگەر بە تەنهاش بچینە هەڵبژاردنەوە ئەوا نابێت لەمانگی 9 و 10ی ئەمساڵ تێبپەڕێت، ئەوپەڕی مانگی 11یە و نابێت لەو وادەیە تێپەڕێت، ئێمە لەگەڵ هەڵبژاردنین چونکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەوینە ژێر پرسیار و بۆ ئێمە خراپە، بۆیە هەمو ئامڕازەکان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت تەنانەت زۆرینەش، بەڵام تابکرێت پێویستە یەکێتی لەگەڵمان بێت چونکە یەکێتی گرنگە، هەمو لایەنەکانیش حەزدەکەین پێکەوە بین".