خهندان- هیوا عەبدوڵا
لە فڕۆکەخانەکان بەهۆی ئەو کاتەی بەشێک لە لقی بانکەکان دایانناوە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران و سنورداربونی فرۆشتنی دراویش لە هەر فڕۆکەخانەیەک، گەشتیاران لە کڕینی دۆلاردا کێشەیان بۆ دروستبوە، بۆیە بانکی ناوەندی بڕیاریدا لەمەودوا ئەو گەشتیارانەی بەڵگەنامەی گەشتکردنیان هەیە، دەتوانن بەر لە گەشتەکەیان سەردانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو یان بانکە بازرگانییەکان بکەن و دۆلار بەنرخی فەرمی بکڕن.
یەکێک لە کاتەکانی فرۆشتنی دۆلار 11:00ی شهو بۆ 7:30 ی بهیانیە
بەگوێرەی زانیارییەکان کە خەندان لە یهكێك له بانكه بازرگانییهكان دەستیکەوتوە، فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکان بەگوێرەی کاتێکی دیاریکراوە و له كاتژمێر (11:00ی شهو بۆ 7:30 ی بهیانی) و (8:30ـی بەیانی بۆ 2:30ی نیوهڕۆ) بەردەستە و، لەو دو کاتەدا دۆلار لە لقی بانکەکان لە فڕۆکەخانەکان دەفرۆشرێت.
ههر فڕۆكهخانهیهک لە فرۆشتنی دۆلار پشكێكی ههیه و جاری واهەیە دۆلار بۆ گەشتیاران نامێنێت
گرفتێکی دیکەی لقی بانکەکان لە فڕۆکەخانەکان بونی دۆلارە بە رێژەیەکی دیاریکراو کە بەشی پێداویستی گەشتیاران ناکات، بەجۆرێک ههر فڕۆكهخانهیهک پشكێكی ههیه و ئهگهر پارهكه بدرێت به گهشتیاران و نهمێنێت، گهشتیارانی لەو رۆژەدا چیتر ناتوانن دۆلار بكڕن.

لە سلێمانی کێشەکە ئەوەیە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو پشکیان نیە
لەم بارەیەوە جەبار گۆران، شارەزای ئابوری و وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق بە زنجیرەیەک بڕیار هەوڵیداوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبکاتەوە لەوانەش مۆڵەتدان بە بانکەکان بۆ فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران، بەڵام لە سلێمانی کێشەکە ئەوەیە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو پشکیان نیە لە وەرگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندی بۆیەش بڕیارەکان لێرە درەنگ دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەتوانن سودمەند بن لە وەرگرتنی دۆلار
ئاماژەی بەوەشكرد، لەکاتێکدایە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەگەر بە ژمارەی جیاواز و بەگوێرەی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی پشکەکانیان بکەن بەیەک، سودمەند دەبن لە وەرگرتنی دۆلار و فرۆشتنی دۆلار بەنرخی فەرمی، کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دەگاتە دەست هاوڵاتیان.
گەشتیاران دەتوانن لە بانکە بازرگانییەکان، بەنرخی فەرمی دۆلار بکڕن
لەلایەکی دیکەشەوە بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ لەدوایین بڕیاریدا بەمەبەستی کارئاسانی بۆ گەشتیاران، بڕیاریدا لەمەودوا ئەو گەشتیارانەی مامەڵەی گەشتکردنیان هەیە و پێنج مەرجەکەی کڕینی دۆلار دەیانگرێتەوە، دەتوانن بەر لە گەشتەکەیان سەردانی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو یان بانکە بازرگانییەکان بکەن (ئەوانەی مۆڵەتی فەرمیان لەگەڵ بانکی ناوەندی هەیە) بەمەبەستی کڕینی دۆلار بەنرخی فەرمی.
بانکە بازرگانییەکان پێویستە پابەندی ئەو مەرج و رێنماییانە بن کە دانراون
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و بانکە بازرگانییەکانیش پێویستە پابەندی ئەو مەرج و رێنماییانە بن کە بۆ فرۆشتنی دراو بیانی دانراون، بەپێچەوانەوە هەر بانکێک پابەندی بڕیارەکە نەبێت و دۆلار بە گەشتیاران نەفرۆشێت، روبەڕوی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

سبەی لەگەڵ بەرپرسانی بانکی بازرگانی عێراق کۆدەبینەوە
پەیوەست بەم بابەتەش د.بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابوری و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، بەدواداچون بۆ هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیاری فرۆشتنی دۆلار بەگەشتیاران لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات و سبەی لەگەڵ بەرپرسانی بانکی بازرگانی عێراق کۆدەبێتەوە.
تائێستا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی، دۆلار بۆ گەشتیاران بەردەست نییە
وتیشی، تێبینییان لەسەر ئەو بانکە هەیە کە بڕیاریداوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەست بە فرۆشتنی دۆلار بکات، بەتایبەت ئەگەر کاتەکانی کارکردن لەگەڵ گەشتی گەشتیاراندا نەگونجێت و ئاسانکاری نەکات بۆیان، لەسەر ئەو بابەتەش لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدڕاڵ قسە دەکەن.
لە فڕۆکەخانەی هەولێر تاوەکو 7 هەزار دۆلار بەنرخی تازە دەدرێتە گەشتیاران
دوێنێش ئەحمەد هۆشیار، بەرێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە خەندان-ی راگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە لەرێگەی (RT) بانکەوە دەستبکات بە فرۆشتنی دۆلار بەنرخی تازە بۆ گەشتیاران، بڕیارەکەش لە رۆژی دوشەممەوە کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەرجەکانی سودمەندبون لە بڕیارەکە:
1- هەبونی پاسپۆرت
2-هەبونی تیکت
3- تەواوکردنی بۆردینگ
4- گهشتیار پێویستە سهروی 18 ساڵ بێت
5- ههر گهشتیارێك بۆی ههیه تهنیا یهكجار له مانگێك دا سود لهم بڕیاره وهربگرێت.
بڕیارەکە ئەو گەشتیارانە ناگرێتەوە کە سەردانی ئێران، سوریا، لوبنان و کۆریای باکور دەکەن
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەڵێت، گهشتیار له كاتی گهشتكردن بۆ ئهم وڵاتانه سودمهند نابێت لهم بڕیاره بەپێی بڕیاری بانکی ناوەندی کە بریتین لە وڵاتانی (ئێران، سوریا، لوبنان و كۆریای باكور).