هەولێر بە دو شاند سەردانی بەغدا دەکات؛ خەندان بەدواداچون بۆ ئەنجامەکانی دەکات

10:20 - 12/02/2023

5883جار خوێندراوەتەوە

دو شاندی هەرێم لە بەغدان و سێ دۆسیە تاوتوێ دەکەن

خەندان-

لەماوەی دو رۆژدا، دو شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق دۆسیەی یاسای بودجە، نەوت و غاز و دۆسیەی ئەمنی هاوبەشیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان تاوتوێکرد، شاندەکانیش بەبێ بەشداری تیمی وەزاری یەکێتی چون بۆ بەغدا، چونکە تیمی یەکێتی بەهۆی ناڕەزایی لە سیاسەتی پارتی لە هەرێم، بایکۆتی هەمو چالاکییە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کردوە.

شاندێکی دیکەی هەرێم بەسەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ گەیشتە بەغدا

لە دوێنێ شەممەوە شاندێکی حکومەت کە وەزیرێکی گۆڕان و وەزیرەکانی پارتی تیایدا بەشدارن و، پێکهاتون لە وەزیرانی دارایی، کارەبا، سامانە سروشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە بەغدان و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی نەوت کۆبونەوە، هاوکات ئەمڕۆش شاندێکی دیکەی هەرێم بەسەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ گەیشتە بەغدا و لە کۆشکی سەلامدا لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆبوەوە.

باس لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا کرا

پەیوەست بە ئامانجی کۆبونەوەکانیش، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، لەکۆبونەوەکانی ئەم دوایەی نێوان شاندی هەرێم و عێراق باس لە دۆسیەی ئەمنیی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا کراوە، لەگەڵ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەردولا زۆر پەیوەست نین بە چارەسەرکردنی کێشەی شنگال

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو کێشانە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگالە لەنێوان هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، بۆیە لەدوایین سەردانی ئەوان بۆ لای سەرۆک کۆمار لەگەڵ میری ئێزدییەکان لە 2023/1/26، داوایانکرد فشار لەسەر حکومەتی فیدڕاڵ دروستبکرێت و ئەو رێککەوتنە بخرێتەبواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام گەیشتونەتە ئەو باوەڕەی هەردولا زۆر پەیوەست نین بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

باس لە دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و دۆسیەی ئاوارەکان کرا

سەرۆکایەتی کۆماری عێراقیش لەبارەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆک کۆمار و شاندی هەرێم دەڵێت، لەکۆبونەوەی نێوان د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆک کۆمار و شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و شاندی یاوەری، باس لە دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابوری و دۆسیەی ئاوارەکان کراوە لەگەڵ گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو ئاستەنگیانەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.

عێراقییەکان چاوەڕێن هەردو یاسای بودجە و نەوت و غاز بە زویی پەسەند بکرێن

سەرۆک کۆمار لەکۆبونەوەکەدا بە شاندی هەرێمی کوردستانی راگەیاندوە، پێویست دەکات هەماهەنگی لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بێت بۆ لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەسەر ئەو بابەتانەی ناکۆکیان لەسەرە، بەتایبەت کە ئێستا عێراقییەکان چاوەڕێن هەردو یاسای بودجە و نەوت و غاز بە زویی پەسەند بکرێن.

بەرپرسانی حکومەت زانیاری بە میدیاکان نادەن

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر ئامانجی سەردانەکەی شاندی وەزارەتی ناوخۆ، خەندان چەندجارێک پەیوەندیکرد بە راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار، سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆ و بەشداربوی کۆبونەوەکە، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا و بەشداربوی کۆبونەوەکە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.

یاساکە لە خزمەت هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت

ئەمڕۆش شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدا کۆبونەوە و باسیان لە رەشنوسی یاسای نەوت و غازی حکومەتی فیدراڵ کرد، لەکۆبونەوەکەدا شاندی هەرێم داوایکرد یاساکە لە چوارچێوەی دەستور و لە خزمەت هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت.

شاندی هەرێم خەریکە سومعەی سیاسی نامێنێ

پەیوەست بەم بابەتەش مەحمود یاسین کوردی، رۆژنامەنوس و چالاکوانی کورد لە دەرەوەی وڵات دەڵێت، "ئەم حکومەتی هەرێمە جگە لەوەی ماوەی یاسایی بە سەرچوە خەریکە سومعەی سیاسیشی نامێنێ، ئەمرۆ شاندی حکومەتی هەرێم لە بەغدا  لە لایەن بریکاری وەزیری نەوتی عێراقەوە پێشوازی لێکراوە. کەچی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی پێشوازی لە کاک شاسوار کرد بو."

دەبێت گەنجان تەرکیزیان لە سەر دەسەڵات بێت

ئاماژەی بەوەشکردوە، "جا وەزیری نەوت چوار بریکاری هەیە! هەر باشە حەرەسی بەر دەرگا پێشوازی لێ نەکردون. ئەو گەنجانەی ئەمڕۆ لە کوردستان ناڕازین و بە فیعلی ئۆپۆزسیۆن و دژی ئەو دەسەڵاتەن و هەڵبژاردنی رابردو بە هەر هۆکارێک بایکۆتیان کردبو، دەبێ شتی شەخسی بچوک بخەنە پشتییانەوە و تەرکیزیان لە سەر دەسەڵات بێت."