خه‌ندان-
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كان، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان تاوه‌كو ساڵی 2027 بۆ نیوه كه‌مده‌بێته‌وه و شارەزایانی بواری وزە دەڵێن، دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت کە شاده‌ماری ژیانه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ئازارەکانی هه‌رێمه‌كه زیاتر ده‌كات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیته‌رز له راپۆرتێكدا ئاشكرایكردوه، بەپێی بەڵگەنامەکان، ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنان له كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێت، ئه‌وا "رەنگە هەرێمە نیمچە سەربەخۆکە تاوه‌كو ساڵی 2027 تەنها 240 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا به‌رهه‌مبهێنێت بۆ هەناردەکردن، چونکە بیرە کۆنەکان به‌رهه‌مه‌كانیان کەمدەبنەوە"، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنان باشتربكرێت ئه‌وا بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی پێنج ساڵدا بۆ 580 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبێتەوە و 530 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەردەست بێت بۆ هەناردەکردن.
دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، کە "هێڵی ژیانە" بۆ هەرێم كێشه‌كان زیاتردەکات
شارەزایانی بواری وزە دەڵێن، دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، کە "هێڵی ژیانە" بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، كێشه‌كانی هەرێمی كوردستان کە لە ڕوی داراییەوە لە چوارچێوەی عێراقێکی ناسەقامگیردایه، زیاتردەکات.
ئێستا هه‌رێم رۆژانه نزیكه‌ی 394 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ده‌كات
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه وسامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی له په‌رله‌مانی كوردستان به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "ئێستا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه نزیكه‌ی 394 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده ده‌كات و نزیكه‌ی 40 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیش له‌ناوخۆدا به‌كارده‌هێنێت".
پێشتر كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق رۆژانه 140 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێبه‌رهه‌مده‌هات، ئێستا پێنج هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێ به‌رهه‌مدێت
له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ئایا به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له مه‌ترسییه‌كانی كه‌مبونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ئاگادارن؟ ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت، "به‌ڵێ، چۆن ئاگادار نین، پێشتر كێڵگه‌ی ته‌قته‌ق رۆژانه 140 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێبه‌رهه‌مده‌هات ئێستا پێنج هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێ به‌رهه‌مدێت، ئێستا قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له كێڵگه‌ی تاوكێ توشی ئه‌م گرفته بوبێت".
جگه له كێڵگه‌ی خورمه‌ڵه كێڵگه‌كانی تر بچوكن و فشاری لێده‌كه‌ن و دواتر ئۆتۆماتیكی پیر ده‌بێت
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح رونیشیكرده‌وه، "سروشتی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه له خورمه‌ڵه، چونكه كێڵگه‌ی خورمه‌ڵه هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ركوكه و له ژێره‌وه حه‌وێزێكه، به‌ڵام كێڵگه‌كانی تر بچوكن، وه‌كو كه‌ركوك و به‌سره نین، فشاری لێده‌كه‌ن و دواتر ئۆتۆماتیكی پیر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت پاره‌یه‌كی زۆر ته‌رخانبكرێت بۆ به‌رهه‌مهێنان و سیانه‌كردن، به‌ڵام كه ناكرێت، كه‌مده‌كات".
چاره‌سه‌ری هه‌رێم ئەوەیە له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت
ئه‌و په‌رله‌مانتاره ده‌ڵێت، چاره‌سه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه "له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وێت، ئه‌گه‌رنا هیچی پێناكرێت، هه‌ركه‌سێكی دیكه‌ش بێت هیچی پێناكرێت، چونكه كێڵگه‌ی بچوك به‌وجۆره‌یه و خه‌رجی زۆره"، هۆشداریش ده‌دات له‌وه‌ی "هه‌رێمی كوردستان ناچاره رێكبكه‌وێت ئه‌گه‌رنا توشی كێشه‌ی گه‌وره ده‌بێت و روبه‌ڕوی كێشه‌ی دارایی گه‌وره ده‌بێته‌وه".
له ساڵی 2014ه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ته‌واوی تێكچوه
بەپێی دەستوری عێراق، هەرێمی كوردستان مافی هه‌یه مانگانه بەشێک لە بودجەی وڵاتی بۆ ره‌وانه بكرێت، بەڵام له ساڵی 2014ه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ته‌واوی تێكچوه، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی به فرۆشتنی نه‌وت كرد به‌شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ و حكومه‌تی ناوه‌ندیش پشكی هاوڵاتیانی كوردستانی بڕی.
لە ساڵی 2018شدا هێزە عێراقییەکان ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنتڕۆڵکردەوە، لەوانە شاری نەوتی کەرکوک كه له ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا بوه، به‌وه‌ش چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌رهێنرا.
له‌ڕوی وه‌به‌رهێنانی نه‌وته‌وه دۆخه‌كه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات
شێركۆ جه‌وده‌ت، ئەندامی لیژنه‌ى وزه وسامانە سروشتیه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی په‌رله‌مانی كوردستان كه (ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه) به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "له‌ڕوی وه‌به‌رهێنانی نه‌وته‌وه دۆخه‌كه به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ناشه‌فافیه‌ت و نادروستی هه‌نگاوه‌كانی به‌رهه‌مهێنانه‌وه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م داوای كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و حكومه‌تمان كرد له‌باره‌ی دۆخه‌كه‌وه، به‌ڵام نه‌یانكرد، حكومه‌تیش هیچ جوابێكی پێنیه".
پیشەسازی نەوت پیشەسازییەكی ئاڵۆز و پڕ مەترسییە
یادگار سدیق، ماستەر لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز و شارەزا لە گرێبەستە نەوتییەکان به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "پیشەسازی نەوت پیشەسازییەكی ئاڵۆز و پڕ مەترسییە، هەر لە قۆناغی گەڕان و پشکنین تا دۆزینەوەی نەوت و دەرهێنانی، لە قۆناغی گەڕان و پشکنیندا ئەو داتایانەی وەردەگیرێت هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت لەلایەن جیۆلۆجییەکانەوە، لەکوێدا نەوت هەیە و پێ دەچێت چەند نەوت یان گاز لە حەشارگەکاندا هەبێت، بەڵام ئەم خوێندنەوانە و لێکدانەوانە دڵنیایی نیه، بۆیە زۆرجار دەبینین بیر لێدەدرێت بیرەکە وشکە یان بڕێکی که‌م نەوتی تێدایە و جەدوای بازرگانی نییە و کۆمپانیا بەناچاری دوای خەرجییەکی زۆر کێڵگەکە بەجێ دەهێڵێت".
وتیشی، "بەشێوەیەکی سادە دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوانیان دو جۆر یەدەگ، یەدەگی خەمڵێنراو لەگەڵ یەدەگی سەلمێنراو، یەدەگی سەلمێنراو (1P) بڕی نەوت کە دەتوانرێت بە دڵنیایی گونجاوەوە بخەمڵێندرێت (لانیکەم 90% کە دەتوانرێت لە ڕوی بازرگانییەوە دەربهێنرێت، هەروەها بە یەدەگی 1P یان P90 ناسراوە، هه‌روه‌ها یەدەگی ئەگەری Probable بە P2 ناودەبرێت، دڵنیایی 50%ی بەرهەمهێنانیان هەیە هەروەها P50شی پێدەوترێت".
کێڵگەی شێخان تا مانگی 2ی 2022 بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
په‌یوه‌ست به كێڵگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت ده‌ڵێت، "کێڵگەی شێخان تا مانگی 2ی 2022 بڕی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە، بەنیسبەت یەدەگیشەوە لە کێڵگەی شێخان هەر بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای سەرکار لەوێ لە کۆتایی ساڵی 2020دا و لە 2021 دا بەپێی بەرهەم ڕێکخراوەتەوە بەم شێوەیە، یەدەگی سەلمێنراو: 1P reserves: 224 MMstb، یەدەگی ئەگەری: 2P reserves: 489 MMstb، بەپێی 1P و لەسەر بنەمای تێکڕای بەرهەمی ئێستای کێڵگەکە کە 147 هه‌زار و 800 بەرمیلی ڕۆژانەیە و ئەگەر بەرهەمی ڕۆژانەش زیاد نەکات و ئاستی بەرهەم بەم ئاستەی ئێستا بمێنێتەوە، بەشی 13 ساڵی تر دەکات و بەپێی 2P تا ساڵی 2050 کێڵگەکە بەرهەمی دەبێت".
دی ئێن ئۆ دەڵێت لە هەرێم، لە فیشخاپور و تاوکێ کە گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانە دوای خورمەڵە
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "دی ئێن ئۆ (کۆمپانیاکە سێ کێڵگەی هەرێمی لەبەردەستە) دەڵێت لە هەرێم، لە فیشخاپور و تاوکێ کە گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی هەرێمە دوای خورمەڵە بەرهەمی ڕۆژانەی 107 هەزار بەرمیل نەوتە یەدەگی نەوتی بەم شێوەیە: 1P یه‌كسانه به 216.2 ملیۆن بەرمیل، 2P یه‌كسانه به 356.6 ملیۆن بەرمیل ئه‌مه تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2021، بەعشیقەش (2C) 48.4 ملیۆن به‌رمیله، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ دەڵێت یەدەگی بەپێی 2P بەشی 9.3 ساڵ بەرهەمهێنانی هەیە".
ئه‌و شاره‌یه‌ی وزه رونیشیكرده‌وه، "بە تێکەڵکردن لەگەڵ (2C)، یەدەگ و تەمەنی سەرچاوەکانی DNO تا 14.8 ساڵی تر دەبێت (بە کوردستان و دەریای باکوریشەوە)، لە ئەتروش 2P (Proven Plus Probable) سەلمێنراو لەگەڵ ئەگەری 30.4 ملیۆن بەرمیلە، سەرسەنگیش بەرهەمی کێڵگەکە گەشتوەتە لوتکە (پیک) تا ساڵی 2050 بەرهەمی بۆ کەمتر لە 5 هەزار بەرمیل دادەبەزێت".
زۆرجار بەهۆی فشاری کۆمپانیاکان بۆ زیادکردنی بەرهەم حەشارگە نەوتییەکان توشی کێشە و زیانی گەورەبون
یادگار سدیق ده‌شڵێت، "زۆرجار بەهۆی فشاری کۆمپانیاکان بۆ زیادکردنی بەرهەم حەشارگە نەوتییەکان توشی کێشە و زیانی گەورەبون، ئەو نەوتەشی کە لە حەشارگەکەدایە ناتوانرێت سودی لێببینرێت بۆ نمونە، لە ماوی 7 ساڵدا بەرهەمی کێڵگەی تاوکی لە 145 هەزارەوە بۆ 46 هەزار دابەزیوە، هه‌روه‌ها لە ماوەی 7 ساڵدا بەرهەمی تەقتەق لە 148 هەزارەوە بۆ 3970 بەرمیل دابەزیوە".
لە ساڵی 2022دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە 33 هەزارەوە بۆ 14 هەزار دابەزیوە
ئه‌وه‌شی وت، "لە ساڵی 2022دا بەرهەمی سەرقەڵا لە گەرمیان لە 33 هەزارەوە بۆ 14 هەزار دابەزیوە، هەر لە ساڵی 2022دا بەرهەمی کێڵگەی سەرتە لە زیاتر لە 10 هەزار بەرمیلەوە بۆ 3960 بەرمی دابەزیوە، زانیاری نافه‌رمیش دەڵێن کێڵگەی خورمەڵە بەرهەمی گەیشتبوە 170 هەزار بەرمیی رۆژانە، بەڵام ئێستا لە نێوان 145 بۆ 150 هەزاردایە".
له‌باره‌ی یەدەگی سەلمێنراوی هەرێم، یادگار سدیق وتی، "كۆمپانیای ریستاد لە مانگی حوزەیرانی 2022دا راپۆرتێکی لەسەر یەدەگی نەوتی هەرێم بڵاوكرده‌وه، کۆمپانیاکە گەورەترین کۆمپانیای ڕاوێژکاری وزەی سەربەخۆیە و کۆمپانیایەکی شیکاری پێشەنگی جیهانییە بۆ پیشەسازی نەوت و گاز، بە شێوەیەکی سەرەکی شیکاری نەوت و گاز دەکات، جگە لە کۆمپانیاکانی نەوت و خزمەتگوزاری نەوت و دارایی، دامەزراوەکانی وەک ئۆپێک، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، بانکی نێودەوڵەتی خزمەتگوزارییوکانی بەکاردەهێنێت، هەروەها لە مانگی تەموزی هەمان ساڵدا بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمریکیش Eia راپۆرتێکی لەسەر یەدەگی سەلمێنراوی هەرێم بڵاوکردوەتەوە تیایدا دەڵێن، بڕی یەدەگی نەوتی هەرێم زۆر لەوە کەمترە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندوە".
وڵاتانی ئۆپێک یەدەگی سەلمێنراویان بە عێراقیشەوە بەشی 10 ساڵ دەکات و سعودییە بەشی 14 ساڵ
راپۆرتەکە دەڵێت، ئەو 45 ملیار بەرمیل نەوتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەیڵێت، یەدەگی خەمڵێنراوە بە هەرێم و کەرکوک و ناوچە کوستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەرێم بڕی 3.7 ملیار یەدەگی سەلمێنراوە proven reserves، راپۆرتەکە دەشڵێت وڵاتانی ئۆپێک یەدەگی سەلمێنراویان بە عێراقیشەوە بەشی 10 ساڵ دەکات و سعودییە بەشی 14 ساڵ.
بەپێی راپۆرتەکە یەدەگی سەلمێنراوی سعودیە 275 ملیارە و یەکەمی جیهانە
یادگار سدیق باس له‌وه‌ده‌كات، "بەپێی راپۆرتەکە یەدەگی سەلمێنراوی سعودیە 275 ملیارە و یەکەمی جیهانە و عێراق لەپلەی پێنجەمدا بە 105 ملیار بەرمیل، سەبارەت بەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، ئەو راپۆرتانە دروست نین باشە با رابگەیەنن و پێمان بڵێن یەدەگی سەلمێنراو ریکەڤەرەبڵی هەرێم چەندە؟ بە داتا پێمان بڵێن".
ئێستا لە لوتکەی کێشەکانداین کە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ‌دا روبەروی دەبینەوە
ئه‌و شاره‌زایه هۆشداری ده‌دات و ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو، "دەبێت ئێستا لە هەموکات زیاتر گرنگی فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتمان بۆ دەرکەوتبێت دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 و 2020دا وڵاتە نەوتییەکان بەهەرێمی کوردستانیشەوە دو زەبری گەورەی دابەزینی نەوتیان بەرکەوت، ئەمە جگە لەو کێشە یاسایی و داراییانەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردو هەروەها ئێستاش کە لە لوتکەی کێشەکانداین لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ‌دا روبەروی دەبینەوە".