خه‌ندان-
ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، ژماره‌ی قوربانیانی ئه‌و بومه‌له‌رزه كاره‌ساتباره‌ی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا و سوریای گرته‌وه زیاد ده‌كات و ڕه‌نگه ببێته هه‌شت هێنده‌ی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان، یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانیش بۆئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هێشتا كه‌سانێكی زۆر له‌ژێر داروپه‌ردوی باڵه‌خانه و بیناڕوخاوه‌كاندان.
كاترین سمۆڵود، به‌ڕێوه‌به‌ری فریاگوزاری له نوسینگه‌ی ئه‌وروپای ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، "ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی داڕوخانی زیاتری باڵه‌خانه‌كان و زیادبونی ژماره‌ی قوربانیان بۆ هه‌شت هێنده‌ی ئاماره سه‌ره‌تاییه‌كان هه‌یه.
ژماره‌ی سه‌ره‌تایی گیانله‌ده‌ستدان یان برینداره‌كان له هه‌فته‌ی دوای بومه‌له‌رزه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزده‌بنه‌وه
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "هه‌میشه هه‌مان نه‌خشه له‌گه‌ڵ بومه‌له‌رزه‌دا ده‌بینین، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه دێت كه ژماره‌ی سه‌ره‌تایی گیانله‌ده‌ستدان یان برینداره‌كان له هه‌فته‌ی دوای بومه‌له‌رزه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزده‌بنه‌وه، چونكه ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك هێشتا له‌ژێر باڵه‌خانه و خانوه روخاوه‌كاندان".
دابه‌زینی پێشبینیكراوی پله‌ی گه‌رما بارودۆخی ئه‌و كه‌سانه قورس‌تر ده‌كات كه بێ ماڵ و حاڵ بون
ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه، "بارانبارینی به‌خوڕ و به‌فربارین له هه‌ندێك شوێن و دابه‌زینی پێشبینیكراوی پله‌ی گه‌رما بارودۆخی ئه‌و كه‌سانه قورس‌تر ده‌كات كه بێ ماڵ و حاڵ بون، هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنی تیمه‌كانی فریاگوزاری، چاودێریكردنی ڕزگاربوانیش ڕه‌نگه ئاسته‌نگ دروستبكات".
ئه‌و كه‌سانه‌ی ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان له شوێنه گشتییه‌كان ده‌مێننه‌وه
كاترین سمۆڵود ئاشكراشیكردوه، "ئه‌و كه‌سانه‌ی ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان له شوێنه گشتییه‌كان ده‌مێننه‌وه، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كان زیاتر ده‌كات به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر پێشوازییه‌كی باشیان لێ نه‌كرێت و له‌ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئامرازه‌كانی گه‌رمكردنه‌وه به‌رده‌ست نه‌بن و هه‌روه‌ها به‌هۆی قه‌ره‌باڵغیه‌وه مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی دروستده‌بێت".
به‌گوێره‌ی دواین ئاماری وه‌زیری ته‌ندروستی توركیا كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌وه بۆ هه‌زار و 651 كه‌س، ژماره‌ی بریندارانیش بۆ 11 هه‌زار و 119 كه‌س به‌رزبۆته‌وه، هاوكات به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سوریا، ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان گه‌یشتوه‌ته 570 كه‌س، هه‌روه‌ها هه‌زار و 403 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به گوڕی 7.7 پله رێخته‌ر باشوری توركیای گرته‌وه و زیانه‌كانیش له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سوریا تۆمار كران، له ناوچه جیاجیاكانی وڵاتانی دراوسێش هه‌ست به بومه‌له‌رزه كرا.