خه‌ندان-
وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێم له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق رایگه‌یاند، به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلاره‌وه نرخی به‌شێك له كاڵا‌و پێداویستیه‌كان له 15٪ تا 20٪ به‌رزبۆته‌وه، "كاره‌كانی كردنه‌وه‌ی لقێكی بانكی ناوه‌ندی عێراقیش له هه‌رێم له‌قۆناغی كۆتاییدایه".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه ئاوات جه‌ناب نوری وه‌زیری دارایی و ئابوری له دیوانی وه‌زاره‌ت پێشوازی كرد له گریگۆری گالیگان باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق، له‌دیدارێكدا وه‌زیری دارایی خۆشحاڵی خۆی به‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وه‌زاره‌ت ده‌ربڕی و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له كاروباری فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ ڕونكرده‌وه
كردنه‌وه‌ی لقێكی بانكی ناوه‌ندی عێراقیش به ناوی بانكی نیشتیمان له قۆناغی كۆتاییدایه
له ته‌وه‌رێكی كۆبونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری دارایی ڕایگه‌یاند، "پێویستمان به‌هاوكاری و پشتیوانی حكومه‌تی كه‌نه‌دایه به‌تایبه‌ت له بواری به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می بانكی و باج و خانه‌نشینی، كردنه‌وه‌ی لقێكی بانكی ناوه‌ندی عێراقیش به ناوی بانكی نیشتیمان له قۆناغی كۆتاییدایه‌و دوای ده‌ستبه‌كاربونی ئه‌و بانكه سه‌رپه‌رشتی سیاسه‌تی دارایی و ستراتیژی كاری بانكه‌كان ده‌كات".
به‌دوای ئه‌و ڕێگایانه‌دا ده‌گه‌ڕێین تا هاوكاریه‌كانیان بۆ حكومه‌تی هه‌رێم زیاد بكه‌ین
لایخۆشیه‌وه باڵیۆزی كه‌نه‌دا له عێراق سوپاسی حكومه‌تی هه‌رێمی كرد بۆ به‌شداری له شه‌ڕی داعش و پێكه‌وه‌ژیانی كه‌مینه‌كان، گه‌شبینی خۆی نیشاندا كه حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له سه‌ر بودجه‌و یاسای نه‌وت و غاز بگه‌نه ڕێكه‌وتن، ئاماده‌یی حكومه‌تی كه‌نه‌داشی ده‌ربڕی بۆ هه‌ر هاوكاری و پشتیوانیه‌ك له‌و ڕوه‌وه‌و وتیشی، "به‌دوای ئه‌و ڕێگایانه‌دا ده‌گه‌ڕێین تا هاوكاریه‌كانیان بۆ حكومه‌تی هه‌رێم زیاد بكه‌ین".
به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان هه‌بوه
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وه‌زیری دارایی ڕایگه‌یاند، "به‌رزبونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دینار كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان هه‌بوه به ڕێژه‌ی له 15% تاوه‌كو 20%".
بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی زیاتر سیاسین نه‌ك یاسایی
ده‌رباره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیش وه‌زیری دارایی ڕونیكرده‌وه، "بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگایه زیاتر سیاسین نه‌ك یاسایی، به‌ڵام گه‌شبینن له گه‌ڵ ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی گرنگ بگه‌نه ڕێكه‌وتن له هه‌ردولاشه‌وه ئاماده‌یی ته‌واو هه‌یه بۆ كاری پێكه‌وه‌یی".