خه‌ندان-
ڕیاز مالیكی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی فه‌له‌ستین پێشبینیده‌كات له ماوه‌ی ساڵی 2023دا، نۆۆ وڵاتی نوێ دان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین بنێن، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان هه‌یه.
ڕیاز مالیكی له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "داننان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین پرسێكی به‌رده‌وامه، ئێمه‌ش گرنگییه‌كی زۆری پێده‌ده‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی دان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ماندا بنێن بۆ 155 وڵات زیاد بكه‌ین، چاوه‌ڕوانیشده‌كه‌ین له‌مساڵدا دانپێدانانی نۆ وڵاتی نوێ به‌ده‌ستبهێنین".
له ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا سه‌ردانی وڵاتێكی ئه‌فریقی ده‌كات
وتیشی، "له ماوه‌ی دو هه‌فته‌دا سه‌ردانی وڵاتێكی ئه‌فریقی ده‌كات، كه ئاشكراینه‌كردوه و پێشبینیده‌كات دانپێدانانی ئه‌و وڵاته‌ش به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین به‌ده‌ستبهێنێت".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتێكی ئه‌مریكای لاتین كارده‌كات
ڕونیشیكرده‌وه، "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتێكی ئه‌مریكای لاتین كارده‌كات، جگه له حه‌وت وڵات ئه‌گه‌ری هه‌یه، هه‌شت وڵاتی دیكه‌ی ئه‌وروپی، دان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین بنێن".
پێشتر مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆك كۆماری فه‌ڵه‌ستین، جه‌ختیكردوه‌ته‌وه، داننان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین كلیلی ئاشتییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له سه‌رانسه‌ری جیهاندا، تا ئێستاش له‌لایه‌ن 138 وڵاته‌وه به‌فه‌رمی دان به سه‌ربه‌خۆیی ده‌وڵه‌تی فه‌ڵه‌ستین نراوه.