خەندان-
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتو رایدەگەیەنێت، ئەوان 29 ساڵە بە مەرجەعیەتی ئیسلامییەوە درێژە بە خەباتی سیاسی دەدەن و بەشەیتانیکردنی ئەوانی دیکە بەهیچ شێوەیەک بەشێک نەبوە لە کارنامەی یەکگرتو، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە "دین و ئەخلاقە".
بە مەرجەعیەتی ئیسلامییەوە، درێژە بە خەباتی سیاسی دەدەین
سەڵاحەدین بەهائەدین لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ کەناڵی فەرمی حزبەکەی، ئاماژەی بە رۆژی 6ی شوباتکردوە کە ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانە و دەڵێت، 29 ساڵ لەمەوبەر یەکگرتو وەک هێزێکی مەدەنی و لەسەر دەستی بژاردەیەک لە خوێندەواران دامەزرێنراوە، لەم کاتەشدا بەپابەندبون بە مەرجەعیەتی ئیسلامی، درێژە بە خەباتی سیاسی دەدات.
کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە دین و ئەخلاقە
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەشەیتانیکردنی ئەوانی دیکە بەهیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە کارنامەی یەکگرتو ئیسلامی، چونکە باوەڕیانوایە کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە "دین و ئەخلاقە".
یەکگرتو پشتیوانی لەمافی ئافرەتان دەکات
ئەمینداری گشتی یەکگرتو دەڵێت، یەکگرتو پشتیوانی لەمافی ئافرەتان دەکات و لەئێستاشدا ژمارەیەک ئافرەت پۆستی سەرکردایەتییان لەناو حزبەکەدا هەیە، بەڵام کەسانێک هەن لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت لەرێگەی بڵاوکردنەوەی بەرنامەیەکی زیانبەخشەوە، بنەماکانی خێزان هەڵبوەشێننەوە.