لە عەفرین بەهۆی بومەلەرزەوە تائێستا 51 کەس گیانیان لەدەستداوە

09:24 - 06/02/2023

1604جار خوێندراوەتەوە

عەفرین

خەندان-

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز تورکیا و سوریای هەژاند و لە باشور، باکور و رۆژئاڤای کوردستانیش کاریگەرییەکەی دەرکەوت، لەشاری عەفرینی رۆژئاڤای کوردستان کاریگەری بومەلەرزەکە و قوربانییەکانی زۆرتربون و  تائێستا 51 کەس بەهۆی بومەلەرزەکەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربون.

لە عەفرین بەهۆی بومەلەرزەوە تائێستا 51 کەس گیانیان لەدەستداوە

میدیاکانی ناوخۆیی سوریا لە زاری بەرپرسانی تەندروستی شاری عەفرینەوە بڵاویانکردوەتەوە، بەهۆی بومەلەرزەکەی بەیانی ئەمڕۆوە کە پارێزگاکانی لازقە، حمص و حەلەبی گرتەوە، تائێستا تەرمی 51 کەس گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربون.

111 کەس گیانیانلەدەستداوە و 516 کەسیش برینداربون

لای خۆیەوە کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ کە پارێزگاکانی لازقە، حمص و حەلەبی گرتەوە، 111 کەس گیانیانلەدەستداوە و 516 کەسیش برینداربون.

 لە تورکیاش لانیکەم 76 کەس گیانیانلەدەستداوە

بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر، باشوری تورکیای هەژاند و کاریگەرییەکەی گەیشتە سوریا و هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لە سوریا بەهۆی بومەلەرزەکەوە 111 کەس گیانیانلەدەستداوە، لە تورکیاش لانیکەم 76 کەس گیانیانلەدەستداوە و 440 کەسیش برینداربون، لە هەرێمی کوردستانیش بومەلەرزەکە هەستی پێکراوە بەڵام زیانی نەبوە.