خەندان-
وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ئەمڕۆ کە پارێزگاکانی لازقە، حمص و حەلەبی گرتەوە، 237 کەس گیانیانلەدەستداوە و 639 کەسیش برینداربون.
تەرمی 237 کەس گەیەنراوەتە نەخۆشخانە
وەزارەتی تەندروستی سوریا ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویکردەوە، بەهۆی بومەلەرزەکەی بەیانی ئەمڕۆوە کە پارێزگاکانی لازقە، حمص و حەلەبی گرتەوە، تائێستا تەرمی 237 کەس گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و زیاتر لە 639 کەسی دیکەش برینداربون.
ئەنجومەنی وەزیران سوریا تیمەکانی فریاکەوتنی خستەحاڵەتی ئامادەباشییەوە
هاوکات ئەنجومەنی وەزیرانی سوریا بەسەرۆکایەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی وڵاتەکە کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و بڕیاریدا سەرجەم تیمەکان بۆ رزگارکردنی قوربانییەکان بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و چارەسەری بەپەلەی بریندارەکانیش بکرێت.
لە تورکیاش لانیکەم 76 کەس گیانیانلەدەستداوە
بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر، باشوری تورکیای هەژاند و کاریگەرییەکەی گەیشتە سوریا و هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان لە سوریا بەهۆی بومەلەرزەکەوە 237 کەس گیانیانلەدەستداوە، لە تورکیاش لانیکەم 76 کەس گیانیانلەدەستداوە و 440 کەسیش برینداربون، لە هەرێمی کوردستانیش بومەلەرزەکە هەستی پێکراوە بەڵام زیانی نەبوە.