خەندان -
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە نزیک دورگەی لێرۆسی یۆنان، بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوتوە و لەئەنجامدا دو کۆچبەر خنکاون و 41 کۆچبەری دیکەش رزگاکراون.
تەرمی منداڵێک و ژنێک دۆزراوەتەوە
حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان بڵاویکردەوە، روداوەکە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی ئەمڕۆ رویداوە و تیایدا بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دورگەی لێرۆسی یۆنانی ژێر ئاو کەوتوە، لە ئەنجامیشدا تائێستا تەرمی منداڵێک و ژنێک دۆزراوەتەوە.
ناسنامەی هیچ یەکێک لەو کۆچبەرانە دیار نییە
ئەوەشی خستوەتەڕو، هێزی دەریایی یۆنان 41 کۆچبەری رزگارکردوە و هەشت لەو کۆچبەرانەش بۆ چارەسەری سەرەتایی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون، تائێستاش ناسنامەی هیچ یەکێک لەو کۆچبەرانە دیار نییە.
سێ کەشتی و هەلیکۆپتەرێک بەدوای کۆچبەراندا دەگەڕێن
دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە، پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی یەکخستنی گەڕان و ڕزگارکردن، بە سێ کەشتی و هەلیکۆپتەرێک لە کەناراوەکانی لێرۆس بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران ئۆپراسیۆنێکی گەڕانیان ئەنجامداوە.
منداڵ و ژن هەیە، بەڵام ژمارەیان هێشتا ڕون نییە
لەم بارەیەوە نوێنەری دەزگای لوتکە دەڵێت، لەنێو ئەو کەسانەی ڕزگارکراون منداڵ و ژن هەیە، بەڵام ژمارەیان هێشتا ڕون نییە، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتودا ژمارەیان بزانرێت، هەوەها بەهۆی خراپی کەشوهەوا پۆلیسی کەناراوەکان لە گەڕان و لێکۆڵینەوەکان ئاستەنگی زۆریان بۆ دروست بوە.