خه‌ندان-
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوی بڵاوكرده‌وه و به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاره‌كه‌ش، یه‌كه‌م بڕگه‌ی كۆبونه‌وه‌كه دورخستنه‌وه‌ی پارێزگاری دیوانیه له پۆسته‌كه‌ی ده‌بێت.
به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاره‌كه، كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی 7ی (شوبات/2)ی 2023 به‌ڕێوه‌ده‌چێت و شه‌ش خاڵی سه‌ره‌كی له‌خۆده‌گرێت، یه‌كه‌میان دورخستنه‌وه‌ی پارێزگاری دیوانیه‌یه له پۆسته‌كه‌ی.
خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌كرێت
هه‌ر به‌گوێره‌ی خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه، له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌دا خوێندنه‌وه بۆ پرۆژه‌یاسای هه‌مواری ژماره 15ی ساڵی 2004 سه‌باره‌ت به تاپۆكردنی زه‌وی نیشته‌جێبون به‌سه‌ر كارمه‌ندانی كۆمپانیای پاڵاوگه‌ی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌یاسای ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌كان ده‌كرێت.
پێشتریش له نوسراوێكدا محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوای له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كردبو، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ره‌زامه‌ندی بده‌ن له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی زوهه‌یر عه‌لی شه‌علان له‌پۆستی پارێزگاری دیوانیه.