خەزعەلی: هەنگاوە سەرکەوتوەکانی حکومەت کۆتایی بە قەیرانی دۆلار دەهێنێت

05:36 - 05/02/2023

3974جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قەیس خەزعەلی، ئەمنیداری گشتی بزوتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە رێکارەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی دەکات کە بەهۆیەوە پێشکەوتنی بەرچاو لە قەیرانی دۆلاردا بەدیهات، دڵنیاییش دەدات کە لە قۆناغی داهاتودا بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخی سروشتی خۆی.

سەرۆک وەزیران بەرامبەر پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە سەرکەوتوبو
قەیس خەزعەلی ئەمڕۆ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، ستایشی رێکارە یاسایی و هەنگاوە کارگیڕییەکانی سەرۆک وەزیران و پارێزگاری نوێی بانکی ناوەندی دەکات،  کە بەرامبەر پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە سەرکەوتوبون و توانیان هەنگاو و هەڵوێستێکی یەکگرتوی عێراقی نیشان بدەن.
هەنگاوەکان دەتوانن پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنن بەرامبەر بەرزبونەوەی دۆلار
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەنگاوەکان دەتوانن پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبهێنن لەبەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی دۆلار و گرانبونی پێداویستییەکان لەسەر ژیانی هاوڵاتیان لەماوەکانی رابردودا.
لە قۆناغی داهاتودا بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ نرخی سروشتی خۆی
ئەمنیداری گشتی بزوتنەوەی عەسایب ئەهلی حەق دەڵێت، بونی داهاتێکی باشی دارایی و هەنگاوە بونیادنەرەکانی حکومەت کاریگەری لەسەر بوژانەوەی ئابوری و زیاتربونی جوڵەی بازرگانی دەبێت، دڵنیایی دەدات کە دیناری عێراقی دەگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشی خۆی و سوپاسی هاوڵاتیانیش دەکات کە باوەڕیان بە حکومەتەکەی خۆیان کردوە تا کێشەکە چارەسەر دەکات.

نیشانەکردن

عێراق

بەپەلە