"داهاتی حكومه‌ت 45 ملیار دینار زیادیكردوه‌"؛ به‌ڵام دابه‌شكردنی موچه‌ دواكه‌وت

09:32 - 05/02/2023

4044جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبونی پێنج رۆژ له‌ مانگی 2ی 2023 به‌ڵام تائێستا حكومەتی هه‌رێمی كوردستان خشتەی دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی ئه‌مساڵی رانەگەیاندوە، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌ڵێت، حكومه‌تی هه‌رێم "تەنها لە گرانبون دۆلار 45 ملیار دینار داهاتی زیادبوە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر 25ی هه‌مو مانگێك دابه‌شكردنی موچه‌ی راده‌گه‌یاند و خشته‌ی موچه‌ی بڵاوده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئه‌مڕۆ كه‌ پێنج رۆژ له‌ مانگی 2ی 2023 تێپه‌ڕیوه‌ هێشتا دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی یه‌كی رانه‌گه‌یاندوه‌، هۆكاری دواكه‌وتنه‌كه‌شی دیارنیه‌.

نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی گشتی  زیادبوە، Rt بانک دەیکاتە دینار
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، "ئەو داهاتەی نەوت کە دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی بە نەوتە، گومرکی ئیبراهیم خەلیلیش هەر بە نەوتە، نزیکەی 450 ملیۆن دۆلارن بۆ خەزێنەی گشتی، Rt بانک دەیکاتە دینار".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئەگەر وادابنێین لە هەر 100 دۆلارێک بەتێکڕا (10 هەزار دینار) زیادبوە، ئەوا 45 ملیار بۆ داهات زیادبوە".
 حكومه‌ت مانگانه‌ پێویستی بە 910 ملیار دینار هه‌یه‌ بۆ موچەی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان
به‌پێی وته‌ی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌ت مانگانه‌ پێویستی بە 910 ملیار دینار هه‌یه‌ بۆ موچەی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان، بۆ دابینكردنیشی پشت به‌ نه‌وت، داهاتی ناوخۆ و پاره‌ی هاوپه‌یمانان ده‌به‌ستێت.

2ی ئه‌م مانگه‌، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا رایگەیاند، "هەركات وەزارەتی دارایی داهاتی بۆ موچە تەرخانكرا هاوشێوه‌ی مانگەكانی پێشو موچە دابەشدەكرێت"، به‌ڵام تائێستا نه‌ موچه‌ دابه‌شكراوه‌ و نه‌ واده‌ی دابه‌شكردنیشی ده‌زانرێت.

بەپەلە