خه‌ندان زانیاری له‌باره‌ی "ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانه‌" له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌

05:12 - 04/02/2023

16123جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بریكاری پێشوتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رایگه‌یاند، بڕیار هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵی تا كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2023 مانگانه‌ بڕی 200 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام په‌سه‌ندكردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ش كار و هه‌وڵی به‌رده‌وامی نوێنه‌رانی كوردی پێویسته‌.

فازڵ نه‌بی شاره‌زای ئابوری و بریكاری پێشوتری وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له‌ لێدوانێكدا به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، قسه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ كراوه‌ و بڕیاره‌ حكومه‌تی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری مانگانه‌ وه‌كو قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ بكات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و بڕیاره‌ به‌فه‌رمی په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

ناردنی ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان تا بودجه‌ په‌سه‌ند ده‌كرێت

وتیشی، "ناردنی ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌وكاته‌ی كه‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی 2023ی دارایی عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت و پاشانیش مانگانه‌ 200 ملیار دیناره‌كه‌ی لێ ده‌بڕدرێت".

ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ به‌پێی رێكه‌وتنی سیاسی ره‌وانه‌ ناكرێت

سه‌باره‌ت به‌بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ راگرتنی ناردنی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، فازڵ نه‌بی ره‌تیكرده‌وه‌، ناردنی 200 ملیار دیناره‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بێت و وتیشی، "ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ به‌پێی رێكه‌وتنی سیاسی ره‌وانه‌ ناكرێت، به‌ڵكو له‌ پشكی هه‌رێم ده‌گێڕدرێته‌وه‌ له‌دوای په‌سه‌ندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌".

ده‌بێت نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا هاوكاربن و ئومێدیشمان زۆره‌ به‌غدا 200 ملیار دیناره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكات

فازڵ نه‌بی ئه‌وه‌شی ئاشكرایكرد، "ده‌بێت نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا هاوكاربن و ئومێدیشمان زۆره‌ به‌غدا 200 ملیار دیناره‌كه‌ ره‌وانه‌ بكات، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمیش داوایكردبێت به‌ڵام كێشه‌یه‌كمان هه‌یه‌ ئه‌ویش پێویستمان به‌كه‌سانی شاره‌زاتر هه‌یه‌ تا بتوانن به‌رگری له‌ موسته‌حقاتی هه‌رێم بكه‌ن، بارودۆخه‌كه‌ش ئێستا له‌باره‌ بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ دانراوه‌ و توانای هه‌یه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی دیكه‌ی كورد هه‌وڵبده‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌ له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند بكرێت و جێبه‌جێبكرێت".

رۆژی 25ی (كانونی دوه‌م/1)ی 2023 دادگای فیدڕاڵی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی له‌ڕوی گواستنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ركرد، به‌و پێیه‌ی پێشێلكردنی یاسا و ماده‌كانی ده‌ستوره‌".

ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌كاتێكدایه‌ پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریدابو 400 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام تائێستا پاره‌كه‌ ره‌وانه‌نه‌كراوه‌.

نیشانەکردن

عێراق