ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی بایدن به‌های دۆلار داده‌به‌زێنێت؛ ئوردن وەک هاوبەشێکی بازرگانی دەسەپێنرێت

02:47 - 04/02/2023

4743جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-
 
جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌میانی په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستپێشخەری کردوه‌ بۆ بەشداریکردنی شا عەبدوڵای دوەم، پادشای ئوردن سەبارەت بە دۆخی ئابوری عێراق، چاودێران ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌ ئامانجی "سەپاندنی ئوردن" ناوده‌به‌ن، وەک هاوبەشێکی بازرگانی لەگەڵ عێراق و گرنگیدان بە داواکارییە خێراکردنی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی پێشوی نێوان هەردو وڵات.

واشنتن هەوڵدەدات یارمەتی ئۆردن بدات بۆ کەمکردنەوەی كاریگه‌ی ئەو قەیرانە ئابورییەی کە توشی هاتوه‌، جا لەڕێگەی هاوکارییە ڕاستەوخۆکانی ئەمریکاوە بێت یان لەڕێگەی هاندانی هاوبەشە ناوچەییەکان بۆ هاوکاریکردنی، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەیە، بەتایبەتی لە بواری سوتەمەنیدا.

ئەمریکا، ئوردن بە هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگ دەزانێت
ئەمریکا، ئوردن بە هاوبەشێکی ستراتیژی گرنگ دەزانێت، بە لەبەرچاوگرتنی بونی ئوردن لەسەر سنورەکانی ئیسرائیل و رۆڵی کاریگەر لە جوڵاندنی هەوڵەکانی ئاشتی، له‌ خاكی سوریادا.
 قەیرانی ئابوری ئوردن توندتر دەبێت و هاوشێوه‌ی ناڕەزایەتییەكانی "بەهاری عەرەبی" هەڕەشە له‌و شانشینه‌ ده‌كات
بەپێی رۆژنامەی "العرب" چاودێران پێیان وایە فراوانکردنی بازنەی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق دوا رێگەیە بۆ ئوردن، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەرگای بەخشینەکانی کەنداو داخراون و پاڵپشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش نزیکە لە کۆتایی، لەکاتێکدا قەیرانی ئابوری له‌ وڵاته‌كه‌ توندتر دەبێت و هاوشێوه‌ی ناڕەزایەتییەكانی "بەهاری عەرەبی" هەڕەشە له‌و شانشینه‌ ده‌كات.

ئوردن گلەیی لەوەدەکات کە زۆرێک لەو بەڵێنانەی کە له‌لایه‌ن وڵاتانی کەنداو بۆ هاوکاریكردنی پێیدراوه‌، "لەرزۆک" بون یان جێبەجێ نەکراون، ئێستا ئه‌و وڵاته‌ روبەڕوی سەختییەکی ناوازە بوەتەوە.
 سعودیە بڕیاریداوه‌ واز لە گرتنەبەری ئەو شێوازە راستەوخۆیە بهێنێت
جگە لەوەش، سعودیە بڕیاریداوه‌ واز لە گرتنەبەری ئەو شێوازە راستەوخۆیە بهێنێت، کە ئوردن سودی لێدەبینی، هەروەها قەرەبوی بکاتەوە بە پرۆژەی وەبەرهێنان، کە چارەسەری بەپەلە نیه‌ بۆ قەیرانی ئوردن.
بڕواناکرێت سەرۆک وەزیرانی عێراق داواکارییەکەی واشنتن رەتبکاتەوە
بڕواناکرێت سەرۆک وەزیرانی عێراق داواکارییەکەی واشنتن رەتبکاتەوە بۆ پاڵپشتی بەپەلە بۆ ئوردن و فراوانکردنی بازنەی مامەڵە بازرگانییەکان و جێبەجێکردنی ئەوەی پێشتر رێککەوتنی لەسەرکرابو، بەتایبەت درێژکردنەوەی بۆری نەوتی عێراق بۆ ئوردن کە بە بۆری بەسڕە -عەقەبە ناسراوە، کە لایەنە لایەنگرەکانی ئێران دژایەتی ده‌كرێت.
ئەمریکییەکان فشار لەسەر عێراق ده‌كه‌ن بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە
ئەمریکییەکان فشار لەسەر عێراق ده‌كه‌ن بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانە، کە پرسی گواستنەوەی دارایی و نرخی دینارە، وزە یەکێکە لە نیگەرانییە گەورەکانی ئوردن بەهۆی گرانیی تێچوی هاوردەکردن و کاریگەرییەکانی لەسەر کورتهێنانی بازرگانی و گرانبونی نرخی کاڵاکان لە بازاڕی ناوخۆدا.

ئوردن و عێراق لە مانگی (ئازار/3)ی رابردو ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبون لەسەر یاداشتێکی لێکتێگەیشتن کە لە نێوان هەردولا واژۆکرابو بۆ هاوردەکردنی نەوتی خاوی کەرکوک بە ڕێژەی 10 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆ ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی نەوتی ئوردن لە زەرقا.

لە مانگی (کانونی دوەم/1)ی ساڵی ڕابردودا لە چەند شوێنێکی ناوخۆی ئوردن خۆپیشاندان ئه‌نجامدرا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بڕیارەکەی حکومەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و کەرەستەی سەرەتایی.
ڕێژەی هەژاری لە شانشینی هاشمی بۆ 24% بەرزبوەتەوە
ڕێژەی هەژاری لە شانشینی هاشمی بۆ 24% بەرزبوەتەوە، ئەوەش بە ڕێژەی 6% زیادیکردوە بەراورد بە پێشوتر، بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی کە ناسر ئەلشورەیدە، وەزیری پلاندانان و هاوکاری نێودەوڵەتی لە مانگی ئابی 2021 باسی کردوە.

رێژەی هەژاری لە ئوردن لە 6% زیاترە لە پێشوتر

ڕۆژی پێنجشەممە، بایدن لە کۆشکی سپی میوانداری شا عەبدوڵای دوەمی کرد، لە میانی نانخواردنێکی نیوەڕۆدا، بە ئامادەبونی شازادەی جێنشینی ئەردەن، ئەلحوسێن، دانی بە "ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی شانشینی ئوردن وەک پارێزەری شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکان لە قودس"دا نا.

سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی پاشای ئوردنی کردوە بۆ هاوبەشی قوڵی نێوان هەردو وڵات
ئاژانسی هەواڵی ئوردن (پێترا) رایگەیاندوە، سەرۆکی ئەمریکا سوپاسی پاشای ئوردنی کردوە "بۆ هاوبەشی قوڵی نێوان هەردو وڵات، هەروەها بۆ سەرکردایەتیکردنی ئوردن وەک میحوەرێکی سەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، جەختی لەسەر "پابەندبونی تەواوی ئەمریکا" کردوەتەوە بۆ پشتگیریکردن لە سەقامگیری شانشینی و خۆشگوزەرانی ئابوری بۆ روبەڕوبونەوەی تەحەدای جۆراوجۆری ناوچەیی و جیهانی.
حکومەتی ئوردن زیاتر پشت بە هاوکارییە دەرەکییەکان دەبەستێت
حکومەتی ئوردن بۆ دەستەبەرکردنی خەرجییەکانی ساڵانەی خۆی، زیاتر پشت بە هاوکارییە دەرەکییەکان دەبەستێت، بەتایبەتی ئەمریکییەکان، ئوردن هیچ سەرچاوەیەکی ئابوری و دارایی نییە، هەربۆیە ئەگەر پشتیوانییه‌ دەرەکییه‌كانی ببڕدرێت، دۆخه‌كه‌ لە ناوخۆدا تێکدەچێت.

لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ پاشای ئوردن لە مانگی (تەمموز7)ی ساڵی رابردودا، سەرۆکی ئەمریکا نیازی وڵاتەکەی بۆ واژۆکردنی یاداشتێکی نوێی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئوردن راگەیاند، کە لە رێگەی ئەوەوە هاوکاری ساڵانە پێشکەش بەو وڵاتە دەکات کە لە 1.45 ملیار دۆلار کەمتر نەبێت، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2023 تا 2029.

لە ماوەی ساڵانی رابردودا ئەمریکا هاوکارییەکی پێشکەش بە ئوردن کردوە، لە بەرژەوەندی واشنتنە کە سەقامگیری لە شانشینی هاشمیدا بەرەوپێش ببات کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار پەنابەری سوریای تێدایە و نزیکەی له‌ 15%ی دانیشتوانی ئوردن پێکدەهێنن.