د.نەرمین معروف: رێککەوتنی عێراق و ئەمریکا بۆ دابەزاندنی دۆلار نزیکە

10:40 - 03/02/2023

4168جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. نەرمین معروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەکۆبونەوەی دو رۆژی رابردوی نێوان شاندی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن هەیە بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار، لەکۆبونەوەی داهاتوی نێوان هەردولاشدا چاوەڕێی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت.

رێککەوتن لەسەر هەماهەنگی بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار 

ئەمڕۆ شاندی بانکی ناوەندی عێراق و نوێنەری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە ئیستانبوڵ کۆبونەوە و رایانگەیاند، رێککەوتن لەسەر هەماهەنگی بۆ سەقامگیری نرخی دۆلار و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیری ئابوری عێراق دەکاتەوە.

کۆبونەوەکەی عێراق و ئەمریکا کۆتاییهات و رێککەوتن نزیکە 

پەیوەست بە کۆبونەوەکە و دەرئەنجامەکانی، د. نەرمین معروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، ئەمڕۆ هەینی شاندی بانکی ناوەندی عێراق کۆتایهێنا بە کۆبونەوەکانی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەو سەردانەی دو رۆژی رابردو  گفتوگۆکراوە دەربارەی گەیشتن بە سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و میکانیزمەکانی پەیوەست بەو کێشەیە.

چاوەرواندەکرێت هەردولا رێککەوتن بکەن دەربارەی گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی دۆلار

ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریی و نەرمینواندنی پێویست بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان و، چاوەرواندەکرێت هەردولا رێککەوتن بکەن دەربارەی گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار، لە میانی ئەو کۆبونەوانەدا کە بڕیارە 8ی ئەم مانگە لە واشنتن بەرێوەبچێت.

ئەمشەو بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزی

دوای کۆبونەوەکەی نێوان بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئەمشەو بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزی و لەم کاتەدا 100 دۆلار بە 166 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نیشانەکردن

عێراق دراو

بەپەلە